گیان له‌ده‌ست دانى كرێكاران كه‌م بووه‌ته‌وه
له‌گه‌ڵ قه‌یرانى دارایى و كه‌مبونه‌وه‌ى كاركردنه‌وه، هاوكات ڕێژه‌ى گیان له‌ده‌ست دانى كرێكاران له‌كاتى كاركردندا به‌ته‌واوه‌تى كه‌مبوه‌ته‌وه و ، له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا ته‌نها یه‌ك حاڵه‌تى گیان له‌ده‌ست دانى كرێكار له سنوورى گه‌رمیان تۆماركراوه، كه ئه‌ویش په‌نچه‌رچى بووه.
عومه‌ر محه‌مه‌د، سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى سه‌ندیكاى كرێكاران و پیشه‌وه‌رانى كوردستان ، به (باس‌نیوز)ى ڕاگه‌یاند :" ئه‌مساڵى (2017) به‌هۆى ئه‌وه‌ى پرۆژه نه‌بووه له گه‌رمیان بۆیه گیان له‌ده‌ست دانى كرێكارانیش له‌كاتى كاركرندا جگه له یه‌ك حاڵه‌ت كه ئه‌ویش په‌نچه‌رچییه‌كى ئۆتۆمبیل بووه له شارى كفرى".
گوتیشی :" به جیاواز له ئه‌مساڵ، ساڵى (2016) له‌ته‌واوى ساڵه‌كه پێنج كرێكار له‌كاتى كاركردندا گیانیان له‌ده‌ست دا، كه حاڵه‌ته‌كانیان بریتی بوون له كه‌وتنه‌خواره‌وه، یان به‌ركه‌وتن".
سه‌رۆكى لقى گه‌رمیانى سه‌ندیكاى كرێكاران و پیشه‌وه‌رانى كوردستان، ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، كه ئه‌مساڵ كۆمپانیاكان زۆرینه‌یان له‌كاركه‌وتوون ، ته‌نها چه‌ند كۆمپانیایه‌كى كه‌م نه‌بێت ئه‌ویش كۆمپانیاى پاككه‌ره‌وه‌ون، ئه‌وانیش كاره‌كانیان زۆر قورس نییه ".
كه‌مبونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى گیان له‌ده‌ست دانى كرێكاران له‌كاتێكدایه كه ساڵانى پێشوو به‌هۆى زۆربوونى ڕێژه‌ى گیان له‌ده‌ست دانه‌وه، داواى ده‌ركردنى یاسای سه‌لامه‌تى شوێنى كار بۆ كرێكاران ده‌كرا .
bas news-
