ئیتاڵیا پاڵپشتیی هەر هەوڵێكی هه‌رێمی كوردستان دەكات كە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی

 ئیتاڵیا پاڵپشتیی هەر هەوڵێكی هه‌رێمی كوردستان دەكات كە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی
له‌ دیدارێكدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایشی خستەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و پەیامی ئاشتیانەی گەلی كوردستان. پەیوەست بەم باسەوە كۆنسووڵی ئیتالیا لە هەولێر ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پاڵپشتیی هەر هەوڵێك دەكات كە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 1ـی 5ـی 2017، لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (سێرێنا موورۆنی) كۆنسووڵی تازەی ئیتالیا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كۆنسووڵی ئیتالیا لە هەولێر كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی (سەرۆك بارزانی)ی كردبوو، دەستبەكاربوونی لە كوردستان بە شەرەفێكی گەورە زانی و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئیتالیا ئەوەی خستەڕوو كە هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە. هەروەها ڕایشیگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و مەشق و ڕاهێنان و هەروەها پێدانی چارەسەری پزیشكی بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی تیرۆردا بریندار بوونە. كۆنسووڵی ئیتالیا ستاییشی قارەمانێتی پێشمەرگە كرد لە شەڕی تیرۆریستاندا هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ میواندۆستی و فەرهەنگی بەرزی خەڵكی كوردستان.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنسووڵی ئیتالیا خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا و، سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد كە لە ڕۆژی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوون و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشان دا بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا (سەرۆك بارزانی) كورتەیەكی لە مێژووی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق باس كرد و هەروەها ڕۆشنایشی خستەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و پەیامی ئاشتیانەی گەلی كوردستان. پەیوەست بەم باسەوە كۆنسووڵی ئیتالیا لە هەولێر ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پاڵپشتیی هەر هەوڵێك دەكات كە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی.
kdp-
Top