لایەنە شیعەكان لە مووسڵ، بارەگا بە ناوی حەشدی شەعبییەوە دەكەنەوە
شێخ (محێدین مزووری)، بەرپرسی پەیوەندیەكانی لقی 14ـی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "لە ئێستادا لە مووسڵ دیاردەیەكی نوێ سەری ھەڵداوە، ئەویش ئەوەیە كە لایەنە شیعەكان بە ناوی حەشدی شەعبییەوە بارەگا دەكەنەوە، بۆیە دەچییە ھەر شوێنك دەبینی گرووپێك بارەگایەكیان كردووەتەوە، ئەمەیش بووەتە جێگەی مەترسی لای خەڵكی مووسڵ كە نازانن بۆ چ مەبەستێك ئەو بارەگایانە دەكەنەوە، ئایا بۆ دژایەتیكردنی داعشە یاخود بۆ ئەوەیە كە ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی لێ ئەنجام بدەن یانیش بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی دیكەیە".
(مزووری) گوتیشی، خەڵك زۆر دەترسێ، بە جۆرێك گەر رێگەیان پێ بدرێت ھەمووان رادەكەن بۆ ھەرێمی كوردستان، یاخود گەر توانایان ھەبێت دەچنە شوێنەكانی دیكە یان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچ دەكەن، بەڵام رێگرییان لێ دەكرێت.
ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت، "بارەگاكانی لایەنە شیعەكان كە بە ناوی حەشدی شەعبییەوە لە بەرتلە، قەرەقووش، سەلامییە، گۆگجەلیل، تەحریر، كەرامە و زھوور كراونەتەوە، بارەگای لایەنی سیاسین و سەر بە رەوتی سەدر و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و رێكخراوی بەرد و دەوڵەتی یاسا و گرووپە میلیشاكانن، ئەمەیش جێگەی مەترسییە بۆ خەڵكی مووسڵ كە نازانن ئامانج لە كردنەوەی ئەو بارەگایانە چییە".
شێخ (محێدین) ڕوونیشی كردەوە كە، جگە لە شیعەكان، سوننەكانی سەر بە (مالیكی)ـیش چەندین بارەگایان كردووەتەوە وەكو (ئەحمەد جبووری)، (عەبدولڕەحمان لوەیزی) و (عەبدولڕەحیم شەمەری) كە ئەمانەیش حەشدی تایبەت بە خۆیان ھەیە و رێگرییان لە ھاتنی ھێزەكانی (ئوسامە نوجێفی) كرد بێنە ناو مووسڵەوە، بۆ ئەوەی لە ھەڵبژاردنەكان بێبەش بن.
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "ئەمانە ھەموو بە ناوی بارەگای سەربازییەوە كراونەتەوە، بەڵام كە دەچییە ناو یان دەبینی بارەگای سیاسین، بۆیە پێویستە لایەنەكان رێككەوتنێكی لەسەر بكەن، ئەگەرنا مووسڵ لە دوای داعش، دۆخی زۆر خراپتر دەبێت لە ئێستا".
kdp-
