عەلی ڕەشید: پڕۆژەی دانەوەی قەرزی پاشەكەوتی مووچە، دووبارە دەنێرینەوە ئەنجوومەنی وەزیران

 	 عەلی ڕەشید: پڕۆژەی دانەوەی قەرزی پاشەكەوتی مووچە، دووبارە دەنێرینەوە ئەنجوومەنی وەزیران
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەڵێ، پڕۆژەی دانەوەی قەرزی پاشەكەوتی مووچە بە فەرمانبەران، دووبارە دەنێرنەوە ئەنجوومەنی وەزیران، چونكە بە گوتەی ئەو، وەڵامی وەزارەتی دارایی تۆكمە نییە و، تا دێت قەرزەكە لەسەر حكوومەت زیاتر دەبێت.

دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، چەند مانگێك پێش ئێستا پڕۆژەیەكیان دا بە وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ئەوەی قەرزی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران بە گوێرەی ئەم پڕۆژەیە بدرێتەوە بە فەرمانبەران، بەڵام دواتر وەزرەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران پڕۆژەكەیان پەسەند نەكرد، بۆیە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر حەفتەی دابێت دووبارە پڕۆژەكەیان دەنێرنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

پەیوەست بەم پرسە، (عەلی ڕەشید)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، "لە دوای وەڵامدانەوەی وەزارەتی دارایی بۆ ئەم پڕۆژیە، ئێمە وەڵامی وەزارەتی داراییمان داوەتە دەست دارایی ئەنجوومەنی پارێزگا و، ئێستا لیژنەی دارایی لەگەڵ چەند ڕاوێژكارێكی بواری دارایی و ئابووری گفتوگۆ لەسەر یەكە یەكەی خاڵەكانی وەڵامی وەزارەتی دارایی دەكەن، دوێنێ ڕای خۆیان و پڕۆژەی خۆیان دا بە دەستەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی پارێزگا، ئێمەیش لە دەستەی سەرۆكایەتی لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا خوێندنەوە بۆ پڕۆژەكە دەكەین و، ڕای خۆمان دەخەینە سەری و بەرزی دەكەینەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی ببێتە وەڵامێك بۆ وەزارەتی دارایی، لەبەر ئەوەی وەڵامی وەزارەتی دارایی تۆكمە نییە".

(ڕەشید) گوتیشی، "ئەم پڕۆژەیەی ئێمە بۆ ئەوەیە، شێوازی چۆنیەتیی دانەوەی قەرزی فەرمانبەران دیاری بكەین، ئایا حكوومەت چۆن ئەو قەرزە دەداتەوە و بە چ شێوازێك دەیداتەوە، چونكە لە ڕاستیدا قەرزی كەڵەكە بووی فەرمانبەران، مانگ بە مانگ لە زیادبووندایە، بۆیە وەڵامەكەی خۆمان لە حەفتەی داھاتوودا ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، تا وەڵامێك بێت بۆ وەزارەتی دارایی".
kdp-
Top