ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی ھۆکاری خۆپیشاندانەکەی شەوی ڕابردووی خوێندکاران ئاشکرادەکات

 ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی ھۆکاری خۆپیشاندانەکەی شەوی ڕابردووی خوێندکاران ئاشکرادەکات
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی بەشێک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوەدەدات کە ھۆکاری ڕووداوەکە بۆئەوە دەگەڕێتەوە چەند دەستێکی تێکدەر مۆلیدەی کارەبای بەشی ناوخۆیی کوڕانیان کوژاندووەتەوە و قوفڵی ئاوەکانیان گرتووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 1/5/2017 لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی، کە تێدا ھاتووە: "دوای بەدواداچوونمان بۆ ڕووداوەکانی شەوی ڕابردوو، کە بەشێک لە خوێندکارانی بەشە ناوخۆییەکانی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی بەناوی کەمی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و جێبەجێنەکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە وەرگرتنی 100 ھەزار دینار لە خوێندکارانی بەشی ناوخۆیی و پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی زانکۆ بۆ چارەسەری کێشەکان دەرکەوت چەند دەستێکی تێکدەر مۆلیدەی کارەبای بەشی ناوخۆیی خوێندکارانیان کوژاندوەتەوە و قوفڵی ئاویان گرتووەتەوە و ئەوەش ھۆکاری سەرەکی تێکچوونی بارودۆخەکە بووە، دواتریش گرووپێک بەناوی خوێندکارانەوە ھانی خوێندکارانیان داوە و پشێوی زیاتری لێکەوتووەتەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە: "وەک ئەنجومەنی زانکۆ بڕیاردەدەین بە پێکھێنانی لێژنەیەک بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو دەستەی پشت گرتنەوەی ئاو و کوژاندنەوەی کارەبای بەشە ناوخۆییەکان و ڕێکاریی یاسایی پێویست دەگرینەبەر و بەدواداچوون بۆ ھەر کەموکوڕییەک دەکەین لە بەشە ناوخۆییەکان بەتایبەت لەدوای ئاگرکەوتنەوە لە یەکێک لە باڵەخانەکانی بەشی ناوخۆیی کوڕان".

ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی، جەختیش لەوە کردەوە: "وەرگرتنی بڕی 100 ھەزار دینار لە خوێندکاران ھیچ پەیوەندییەکی بە زانکۆی سلێمانییەوە نییە و لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی زانکۆدا نییە، بەڵکو بە بڕیاری ژمارە 86 ی ساڵی 2016 ی ئەنجومەنی وەزیران دەرکراوە".







باسنیوز
Top