باخەوانی شارەوانییەکانی سنووری چەمچەماڵ خەڵات کران

باخەوانی شارەوانییەکانی سنووری چەمچەماڵ خەڵات کران
ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، لە ڕۆژی جیھانی کرێکاران و بۆ دووەمین ساڵ لەسەر مەراسیمێکی تایبەتی بۆ کرێکارانی سنووری شارەوانییەکانی چەمچەماڵ ئەنجام دا و تێیدا وێڕای پێشکەشکردنی نیوەڕۆخوانێک خەڵات، دیاری بەسەر باخەوانەکاندا دابەش کرد.

مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 1/5/2017 لە ڕۆژی جیھانی کرێکاراندا، ڕێکخراوەکەمان بە ھاوکاری منداڵپارێزی کوردستان، سەنتەری گەنجانی شۆڕش و بە سپۆنسەری کۆمپانیای جالووس، مەراسیمێکی تایبەتی بۆ کرێکار و باخەوانی شارەوانییەکانی سنووری قەزای چەمچەماڵ ئەنجام دا".

سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئەوەشی خستەڕوو: "لە مەراسیمەکەدا نیوەڕۆخوانێک ئامادە کرابوو بۆ باخەوانەکانی سنووری شارەوانییەکانی چەمچەماڵ، شارەدێکانی شۆڕش، تەکیەی کاکەمەند، ئاغجەلەر، سەنگاو، تەکیەی جەباری و قادرکەرەم، ژمارەیەک دیاری و خەڵاتیشیان بەسەردا دابەش کرا".

گوتیشی: "لە مەراسیمەکەدا ئۆڤەرێکی تایبەتی تەندروستیمان بۆ سەرجەم ژینگە پارێزانی سنووری حەوت شارەوانییەکە ڕاگەیاند کە ئەویش بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی بەو کەسانەی لەسنووری ئەو شارەوانییانەدا کار دەکەن، کە ئەویش بریتییە لە بینینی نەخۆش بەبێ بەرامبەر و ئەنجامدانی پشکنین و سۆنەر بەداشکاندنی 50% ی ڕێژەی نرخەکەی".







باسنیوز
Top