وەزیری پەروەردە: دان بە بڕوانامەی قوتابخانەی سەر بە پەکەکەدا نانێین

 وەزیری پەروەردە: دان بە بڕوانامەی قوتابخانەی سەر بە پەکەکەدا نانێین
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە دان بە بڕوانامەی ئەو قوتابییانەدا نانێن، کە لە قوتابخانەی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاری شنگال، دەخوێنن.

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردە لە میانی وتارێکدا لە رێوڕەسمی کردنەوەی دوو قوتابخانە لە دهۆک، رایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێ دان بە بڕوانامەی قوتابییەک بنێت، کە ”لەسەر پەروەردەیەکی هەڵە پەروەردەکراوە“.

پشتیوان سادق بە ئاماژەکردن بەوەی چەکدارانی پەکەکە زیانێکی زۆریان بە کەرتی پەروەردە لە شنگال و ناوچەکە گەیاندووە، رایگەیاندووە، سیستەمی پەروەردە و پرۆگرامی خوێندنی چەکدارانی پەکەکە لەگەڵ سیستەمی پەروەردە و پرۆگرامی خوێندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جیاوازە.

وەزیری پەروەردە هۆشداری دایە ئەو قوتابییانەی لە قوتابخانەی سەر بە پەکەکە لە شنگال دەخوێنن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دان بە بڕوانامەکانیان نانێت، ”بڕوانامەکانیان بە ھیچ شێوەیەک بڕوا پێکراو نییە“.

دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال و دەوروبەری لەلایەن هێزی پێشمەرگە و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆتایی ساڵی 2015، ژمارەیەک چەکداری پەکەکە لە ناوچەکە جێگیر بوون و کێشە بۆ هاووڵاتییان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دروست دەکەن.

لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.













باسنيوز
Top