کەرکووک.. حکوومەتی عێراق چەند پاڵاوگەی نەوت دەخاتەوە گەڕ
بڕیارە حکوومەتی عێراق سێ پاڵاوگە لە کەرکووک دروست بکات کە یەک لەو پاڵاوگانە نوێیە و ئەو دووەکەی دیکەش نۆژەن دەکرێنەوە کە پاڵاوگەی بچووکن و بەرهەمی ناوخۆییان هەیە.
لەم بارەوە د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک گوتی: "لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئیدارەی کەرکووک و حکوومەتی عێراق رەنگە چەند پاڵاوگەیەک لە کەرکووک دروست بکرێن، سێ پاڵاوگە لەکار کەوتبوون لەم رۆژانە یەکێکیان دەستی بەکار کردەوە، دوو پاڵاوگەی دیکەی بچووک هەیە بڕیارە پەرەیان پێ بدرێت و بکرێنە پاڵاوگەی گەورە، یان بخرێنە کار بۆ دابینکردنی پێداویستیی ناوخۆی کەرکووک کە بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەکرێت".
لە درێژەدا گوتیشی: "بە ملیارات دینار پارەی شاری کەرکووک لە ٢٠١٣ەوە لەلای حکوومەتی عێراقە تا ئەمساڵیش پارەی پەترۆ دۆلاری نەداوە نەسریە و بوودجەی کەرکووکی بڕیوە، پارێزگاری کەرکووکیشی دەڵێت بەغدا ئەو پارەی دەیداتە کەرکووک ئەوەندە کەمە شەرم دەکەین باسی بکەین."
باسنیوز
