خەسرۆ گۆران: حەشدی شەعبی ئاڵای کوردستانی لەسەر بارەگای یەکێتی ھێناوەتە خوارەوە
خەسرۆ گۆران لەم بارەوە، گوتی: "ئێستا جۆرەھا لیوای حەشدی شەعبی لە مووسڵ جێگیر کراون، بەشێکیان لەلایەن پێکھاتەکانەوە ھێنراون و بەشێکیشیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و لە مووسڵ جێگیر کراون، مانەوە و جێگربوونی ئەمانە لە داھاتوودا مەترسین لەسەر ئەمنیەتی ناوچەکە و داواش لە حکوومەتی عێراق کراوە کە دوای ئازادکردنەوەی مووسڵ لە مووسڵ بیانباتە دەرەوە، ھەرچەند بەغدا ئامادەیی نیشان داوە، بەڵام دەبینین ئیستا حەشدی شەعبی لە مووسڵ ھەیە، لە ھەندێک شوێنیش پێشێلکاری ئەنجام دەدەن لە (بەرتلە) چونەتە سەر بارەگای یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان ھێناوەتە خوارەوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی لە درێژەدا گوتیشی: "ھێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستان نیشانەی ئەوەیە کە حەشدی شەعبی نایەوێت پێشمەرگە بچێتە ناوچە کوردییەکان و پێشمەرگە ڕەت دەکاتەوە و ئەمەش پەیامێکە بۆ ئەوانەی کە دەستی حەشدی شەعبی دەگرن".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت بۆ چوونە دەرەوەی حەشد لە شارەکە، پێشبینی باشی لێ ناکرێت".
فارس بریفکانی، نوێنەری کورد لە پارێزگای مووسڵ و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی پارتی بۆ (باسنیوز) گوتی: "تا ئێستا زیاد لە ٢٣ ھێزی جیاوازی حەشد لە مووسڵ ھەن و ئێستاش باس لەوە دەکرێت ھێزی حزبوڵای عێراقیش ھێنراون بۆ شارەکە و ھەبوونی ئەم ھەموو ھێزە لە مووسڵ پێکھاتەکانی نیگەران کردووە، دواجار حکوومەتی عێراقیش دەخاتە بەردەم بەرپرسیارتییەوە کە لە داھاتوودا چۆن مامەڵە دەکات؟ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش سوننەکان لەگەڵ ئەوە نین کە حەشدی شەعبی لە شارەکە بمێنێتەوە و رەنگە ئەمە گرفت دروست بکات، بۆیە داھاتووی شارەکە بەدەست حەشدەوە نادیارە". ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر بۆیان بکرێت ھەرچی بارەگای حزبە کوردستانییەکان ھەیە دای دەخەن".
باسنیوز
