سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كونسوڵی نوێی ئیتالیا لە هەولێر دەكات
لە دیدارەكەدا كونسوڵی ئیتالیا لە هەولێر كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو، دەستبەكاربوونی لە كوردستان بە شەرەفێكی گەورە زانی و وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئیتالیا ئەوەی خستەڕوو كە هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە. هەروەها ڕایشیگەیاند كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێ لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و مەشق و ڕاهێنان و هەروەها پێدانی چارەسەری پزیشكی بۆ ئەو پێشمەرگانەی لە شەڕی تیرۆردا بریندار بوونە. كونسوڵی ئیتالیا ستاییشی قارەمانێتی پێشمەرگە كرد لە شەڕی تیرۆریستاندا هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ میواندۆستی و فەرهەنگی بەرزی خەڵكی كوردستان.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ كونسوڵی ئیتالیا خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئیتالیای كرد كە لە ڕۆژی تەنگانەدا پاڵپشتی گەلی كوردستان و پێشمەرگە بوون و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشان دا بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق باس كرد و هەروەها ڕۆشنایشی خستەسەر پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و پەیامی ئاشتیانەی گەلی كوردستان. پەیوەست بەم باسەوە كونسوڵی ئیتالیا لە هەولێر ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پاڵپشتی هەر هەوڵێك دەكات كە ببێتە هۆی سەقامگیری و ئاشتی.
