حکوومەتی عێراق دەیەوێت مۆڵەت بە سێ حزبی سیاسی لە شنگال بدات
د. ماجید شنگالی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای گەیاند: پەکەکە لەدوای هێرشەکەی تورکیا، ترسی لێنیشتووە، رەنگە مانەوەیان لەو ناوچەیە مەترسی بێت، بۆیە دەیەوێت بەهەر جۆرێک هەیە، ئەگەر نەکشێتەوە لە شنگال، خۆی دابەشی سەر چەند حزبێکی بچووک بکات کە بەناوی خەڵکی شنگال و هەرێمی کوردستانەوە کاریان بۆ بکەن، بۆ ئەوەی خەڵک نەڵێن پەکەکە لە شنگالە و ئەمەریکا و تورکیاش وازیان لێ بهێنن”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە حزبەکانیان هاوشێوەی ئەو حزبانە دەبێت کە لە ڕابردوودا بە ناوەکانی (تەڤگەری ئازادی، پەچەدەکە و هتد) دروستی کردووە. گوتیشی: “پەکەکە ئێستا هەوڵی ئەوە دەدات کە چەند حزبێکی پاشکۆ دروست بکات لە شنگال، گرووپەکەی نووری مالیکیش پشتیوانیی ئەو هەوڵە دەکەن و هاوکاری و یارمەتییان پێ دەدەن، ئێستاش باس لە مۆڵەتی سێ حزب دەکرێت لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە کە نووری مالیکی پشتگیرییان دەکات".
لەمبارەیەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگالدووپاتی کردەوە: "ناهێڵین شنگال ببێتە قوربانیی ململانیی سیاسی و هەر حزبێک بیەوێت لە شنگال مۆڵەت وەربگرێت، دەبێت بچێتە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەست وەردان لەکاروباری ئیدارەی شنگال ڕەت دەکەینەوە".
پێشتر فەرماندەی یەکەی پەکەکە لە شنگال، لە میانی بەرنامەیەکی کەناڵی (ئافاق)ی سەر بە مالیکی ئەوەی ڕاگەیاندبوو کە ئەوان سەر بە عێراقن و بۆ ئەوە شەڕ دەکەن کە شنگال بۆ سەر هەرێمی کوردستان نەگەڕێتەوە و سەربەخۆیی کوردستان ڕانەگەیەندرێت.
باسنيوز
