پارتی: چوار پەرلەمانتارەكە داوای پشتگیریی گەندەڵییان لە ئەوروپا كردووە نەك دژایەتی
نامەكە كە بەزمانی ئینگلیزی نووسراوە و واژۆی پەرلەمانتاران عەلی حەمەساڵح (گۆڕان) عیزەت سابیر (یەكێتی) شێركۆ جەودەت (یەكگرتوو) و سۆران عومەر (كۆمەڵ)ی بەسەرەوەیە، بەهۆی ئەو هەڵە زۆرانەی لە نامەكەدا هەبوون، بووە جێی باسی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
سەرۆك و جێگری سەرۆك وەڵامی یەكدی دەدەنەوە
رۆژی 27/4/2017 ماڵپەری پەرلەمانی كوردستان روونكردنەوەیەكی بە ناوی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڵاوكردەوە و بێ ئاگایی ئەوانی لە گەشتی ئەو چوارە پەرلەمانتارە راگەیاند. هەر هەمان رۆژ نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆكی پەرلەمان لە سلێمانی وەڵامی ئەو روونكردنەوەیەی دایەوە و گوتی "ئەو روونكردنەوەیە گوزارشت لە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ناكات و هیچ بەهایەكی نییە. سەرۆكی پەرلەمان ئاگاداری سەردانی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە جیاوازەكانە، سەردانەكەشیان بە نووسراوی رەسمی نووسینگەی سەرۆكی پەرلەمان پشتڕاست كراوەتەوە".
بەڵام شێركۆ جەودەت، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بە (رووداو)ی گوت "من بە شەخسی داوەتكرابووم نەك وەكو فراكسیۆنی یەكگرتوو".
فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە بە پەرلەمانتارێك بەشداری ئەو شاندەیە لە زمانی سەرۆكی فراكسیۆنەكەوە بێ ئاگاییان لەو سەردانە دەربڕی و رەتیانكردەوە نوێنەرایەتی ئەوان بكات.
بێگەرد تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "هیچ نوێنەرێكمان بە فەرمی نەناردووەتە پەرلەمانی ئەوروپا. ئەو نامەیەشی كە ئاراستەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا كراوە، تەنیا گوزارشت لە هەڵوێستی ئەو كەسانە دەكات كە واژۆیان كردووە، نەك هەڵوێستی فەرمی فراكسیۆنی یەكێتی".
پارتی قسەی خۆی هەیە لەسەر سەردانی ئەو شاندە بۆ دەرەوە. محەممەد عەلی گوتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی گوت "ئەم سەردانە شەخسیە و بە رێكارە یاساییەكانی چوونی شاند بۆ دەرەوەی كوردستان نەڕۆیشتووە، جگە لەوە ئێمە زۆر نیگەرانین لە دابەزینی ئاستی پرۆتۆكۆلی شاندەكە و كۆبوونەوەكانی".
جیا لە ناكۆكیی فراكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر سەردانی ئەو چوار پەرلەمانتارە بۆ ئەوروپا، یاداشتەكەی ئەو چوار پەرلەمانتارە زۆرترین قسەی لەسەر كراوە. هەندێك دەڵێن هەڵەكانی نێو نامەكە نەنگییە بۆ دیبلۆماسییەتی هەرێمی كوردستان. بەشێكی دیكەش زەقكردنەوەی هەڵەی نێو نامەكە بە بێبایەخكردنی نێوەڕۆكی نامەكە دەزانن كە باسیان لە چاكسازی، گەندەڵی و كاراكردنەوەی پەرلەمان كردووە.
گوتەبێژی پارتی كە دەڵێت ماستەر و دكتۆرای بە ئینگلیزی خوێندووە و شارەزایی لەو زمانەدا هەیە، دەڵێت " ئەو نامەیە زۆر لاوازە و تەعبیرەكانی زۆربەی هەڵەیە، ئەو زمانەی نامەكەی پێ نووسراوە ئینگلیزی نییە. زۆربەی داواكاری و خاڵەكانی نامەكە مانای پێچەوانەیان داوە. بۆ نموونە لە شوێنك لە جیاتی ئەوەی داوای بنبڕكردنی گەندەڵی بكەن كەچی داوای پشتگیریان لە گەندەڵی كردووە".
لەبارەی ئەو هەڵانەی لە نامەی ئەو چوار پەرلەمانتارەدا روویداوە، شێركۆ جەودەت دەڵێ: "هیچ شتێك بێ هەڵەو كەموكوڕیی نابێت، گرنگ ناوەڕۆكەكەیە".
بەهرۆز جەعفەر، خوێندكاری دكتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كە بەدواداچوونی بۆ ئەو نامەیە كردووە، بە (رووداو)ی راگەیاند :"نامەكە جگە لەوەی چەندین هەڵەی زمانەوانیی تێدایە، لە هەمان كاتدا ناوەڕۆكەكەشێ باتڵە، چونكە نووسیویانە بە ناوی چوار پارت و فراكسیۆنەوە، كەچی فراكسیۆنێكی وەكو یەكێتی لێی ئاگادار نییە".
رووداو
