سەرۆك بارزانی: پێویستە کوردستان بە ئاراستەی باشترکردنی باری گوزەرانی کرێکاران هەنگاو بنێت
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، پەیامێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: ”بەبۆنەی ڕۆژی جیھانیی کرێکار و جەژنی کرێکارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ھەموو کرێکارانی کوردستان و سەندیکای کرێکارانی کوردستان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی کرێکاران دەکەم“.
ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە كرێکاران چینی زەحمەتکێش و ماندووی وڵاتن، ڕۆڵی کاریگەریان لە پێشکەوتنی ئابووریی کۆمەڵگە و دابینکردنی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی ھاووڵاتییاندا ھەیە، ”دەستخۆشی لە ئەرک و ماندووبوونیان دەکەم“.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بارزانی ئەوەی دووپات کردووەتەوە: ”ڕێزگرتنی مافی کرێکاران و باشترکردنی باری گوزەرانیان و رەچاوکردنی دادپەروەری، ئاماژەن بۆ گەشەسەندنی مرۆیی و ئابووری و پێویستە کوردستان لەو ئاراستەیەدا ھەنگاو بنێت“. هاوکات ھیوای شادی و بەختەوەری بۆ کرێکاران خواستووە.
باسنیوز
