حەشدی شەعبی قەزای حەزەر ڕادەستی پۆلیس دەكاتەوە
سەرچاوەیەک لە سوپای عێراق رایگەیاند كە گرووپەكانی حەشدی شەعبی بەرپرسیاریەتی ئەمنیی قەزای حەزەری شوێنەواری باشووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوایان رادەستی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای مووسڵ کرد، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو لە ژێر كۆنتڕۆڵی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان دەرهێنا و بە تەواوی كۆنتڕۆڵیان كردەوە.
نەقیب جەبار حەسەن ئەفسەر لە سوپای عێراق لە لێدوانێکیدا گوتی "ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ گەیشتنی تیمی تایبەتی دەستەی گەشتوگوزار و شوێنەوار بۆ دیاریکردنی ئەو زیانانەی بەر ئەو شارە مێژووییە کەوتووە".
نەقیب جەبار گوتیشی "گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەناو قەزای حەزەری شوێنەواريی پاشەکشەیان کردووە و ئێستە لە چوارچێوەی پلانێک بۆ بەرگرتن لە هێرشی تیرۆریستی لە دەوروبەری شارەکە جێگیر بوونە".
ئەو ئەفسەرەی سوپای عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستە هێزەکانی پۆلیس ئەرکی پارێزگاریکردنی قەزای حەزەری شوێنەواریان گرتووەتە ئەستۆ.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی سەر بە سوپای عێراق، كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای حەزەری باشووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوایان راگەیاندبوو.
bas news-
