گەرمیان.. پڕکردنەوەی فۆرمی بایۆمەتری بۆ سوودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی درێژ دەکرێتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان، درێژکردنەوەی ماوەی پڕکردنەوەی فۆرمی بایۆمەتری بۆ سوودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە سنووری گەرمیان ڕاگەیاند.
دەروون عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان، "ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لەسەر داوای وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی پڕکردنەوەی فۆرمی بایۆمەتری بۆ سوودمەندبووانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی گەرمیان".
بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان، ئەوەشی خستەڕوو: "لە سنووری گەرمیاندا نزیکەی 15 ھەزار کەس لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی سوودمەند بووە و تا ئێستا 450 کەسیان فۆرمی بایۆمەترییان پڕنەکردووەتەوە، ئەوانیش دەتوانن تا 7/5/2017 سەردانی فەرمانگەکانی چاودێری کۆمەڵایەتیی بکەن لە سنووری خۆیاندا بۆ پڕکردنەوەی فۆرم".
لەبارەی ھۆکاری پڕنەکردنەوەی فۆرمەکەوە، گوتیشی: "ڕەنگە ھەندێک لەو کەسانە لە ژیاندا نەمابن، ھەندێکیشیان کێشەی نەبوونی ناسنامەی فسفۆرییان ھەبووە و ڕەگەزنامەکانیان کەرکووک و دیالە بووە و نەیانتوانیوە لەکاتی خۆیدا بیگۆڕن، ھەندێکیشیان دانیشتووی گوندە دوورە دەستەکانن و ئاگادارنین، ھەندێکیشیان چوونەتە دەرەوەی وڵات".
bas news-
