سەرۆك بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی هاوبەشی حكوومەت و هەردوو دەزگەی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكانی کرد

 	 سەرۆك بارزانی سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی هاوبەشی حكوومەت و هەردوو دەزگەی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكانی کرد
(سەرۆك بارزانی) سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی هاوبەشی حكوومەت و هەردوو دەزگەی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكانی کرد و لە کۆبوونەوەکەدا (سەرۆک بارزانی) جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەردوولا تەفاهومی یەكتر بكەن و لە یەكلاییكردنەوەی ناوی پێشمەرگەكان و موستەحەقاتیان ڕەچاوی دادپەروەری بكرێت و ماندووبوون و خەباتی پێشمەرگەكان پشتگوێ نەخرێت.

ڕۆژی یەكشەممە 30ـی 4ـی 2017 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی حكوومەت و هەردوو دەزگەی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان كرد.

لەو كۆبوونەوەیەدا كە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگەكانی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان و بە ئامادەبوونی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەكان بەڕێوەچوو، بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی (سەرۆك بارزانی) لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان كرا. هەروەها حكوومەتیش ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی هۆكاری دواكەوتنی چارەسەركردن و جێبەجێكردنی داواكانی هەردوو دەزگەی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان خستە ڕوو.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) لە وتەیەكدا جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەردوولا تەفاهومی یەكتر بكەن و لە یەكلاییكردنەوەی ناوی پێشمەرگەكان و موستەحەقاتیان ڕەچاوی دادپەروەری بكرێت و ماندووبوون و خەباتی پێشمەرگەكان پشتگوێ نەخرێت. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە پێویستە هەردوو دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەكان بەرچاوی حكوومەت ڕوون بكەنەوە و حكوومەتیش بە میكانیزمێكی گونجاو چارەسەركردنی كێشەی پێشمەرگەكان بە ئەولەویەتی خۆی بزانێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) كورتەیەكی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی و دواڕۆژی كوردستان و پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ ئامادەبووان باس كرد.
kdp-
Top