نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری گه‌شتوگوزاری لوبنان پێوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌

نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری گه‌شتوگوزاری لوبنان پێوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌
سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە پێشوازی وەزیری گەشتوگوزاری لوبناندا سوپاسی حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌تی لوبنانی كرد كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئازادكرنی عیراقه‌وه‌ تا ئێستا ڕۆڵێكی به‌رچاویان له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌وه‌بردنی ئابووری و باشتركردنی ژێرخان و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و هیوای خواست ئه‌م ڕۆڵه‌یان فراواتر بكرێت.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٣٠-٤-٢٠١٧ (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ (ئا‌ڤێدیس گیدانیان) وه‌زیری گه‌شتوگوزاری لوبنانی و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی گرووپی كۆمپانیاكانی مالیا و سه‌رۆكی كۆمپانیای ڕۆتانا و شاندێكی فه‌رمی و بازرگانی پێكهاتبوو كه‌ به‌مه‌به‌ستی كردنه‌وه‌ی هۆتێلی دووه‌می ڕۆتانا له‌ هه‌ولێر، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌.

له‌ دیدارێكدا (گیدانیان) خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ سه‌رباری ئه‌و قه‌یرانانه‌ی ڕووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان بوونه‌ته‌وه‌‌، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێم به‌ سیاسه‌تێكی حه‌كیمانه‌ توانیویه‌تی ڕووبه‌ڕووی هه‌موو ئه‌و قه‌یرانانه‌ ببێته‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ باسی له‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و لوبنان كرد كه‌ ئه‌وانیش به‌ هه‌مان قه‌یراندا تێپه‌ڕیون‌.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاشكرای كرد كه‌ وڵاته‌كه‌ی هانی كه‌رتی تایبه‌تی لوبنانی ده‌دات له‌ هه‌رێمی كوردستاندا سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن چونكه‌ ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان ئارامه‌ و پشتگیرییه‌كی باشیش بۆ سه‌رمایه‌گه‌زاریی بیانی هه‌یه،‌ بۆیه‌ ئه‌وان ئاماده‌ن هه‌موو هاوكارییه‌ك بۆ پته‌و‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش بكه‌ن.

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و سه‌ردانه‌ و خه‌ڵك و حكوومه‌ت و كه‌رتی تایبه‌تی لوبنانی كرد كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ئازادكرنی عیراقه‌وه‌ تا ئێستا ڕۆڵێكی به‌رچاویان له‌ به‌ره‌وپێشه‌وه‌وه‌بردنی ئابووری و باشتركردنی ژێرخان و گواستنه‌وه‌ی ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و هیوای خواست ئه‌م ڕۆڵه‌یان فراواتر بكرێت.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ كرنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی هۆتێلی دووه‌می ڕۆتانا له‌ هه‌ولێر له‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌دا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ سه‌رمایه‌گوزارانی بیانی متمانه‌یان به‌ سیاسه‌تی حكوومه‌ت و ئارامیی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ و ئاماده‌ییی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی بۆ هه‌ر هاوكاری و ئاسانكارییه‌ك ده‌ربڕی.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش خه‌ریكه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت و به ‌پێویستی زانی پلان و سیاسه‌تێكی گشتگیر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی قۆناغی دوای داعش هه‌بێت، چونكه‌ شه‌ڕی داعش ته‌نیا سه‌ربازی نییه‌، به‌ڵكو ئایدۆلۆژیشه‌. سه‌باره‌ت به‌ ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستانیش جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ڕیفراندۆم مافی خه‌ڵكی كوردستانه‌ و به‌ پێویستیشی زانی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، چونكه‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌غدا به‌ شه‌ریكی خۆی ده‌زانێت و ده‌كرێت هه‌رێمی كوردستان ببێته‌ بنكه‌یه‌ك بۆ گه‌شه‌ی ئابووریی عیراق.

په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و لوبنانی به‌ مێژوویی وه‌سف كرد و ئاماژه‌ی به‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی لوبنان و ڕۆڵیان كرد‌ و ئاماده‌ییی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پته‌و‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ لوبنان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا ده‌ربڕی.
kdp-
Top