نەجات حەسەن: شەراکەتی بەغدا ئاوا نابێت

نەجات حەسەن: شەراکەتی بەغدا ئاوا نابێت
ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (نەجات حەسەن) دەڵێت، بەغدا ئەوە قبووڵ ناکات کە ئێمە دەمانەویست و دەیەوێت هەرچی بڵێت ئێمە گوێڕایەڵی بین و دەشڵێت، ئێستا بەغدا شەراکەتی تێدا نییە، دەنا چۆن کورد لە هەموو پۆستێک بێبەش دەکرێت.

(نەجات حەسەن)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''کوا شەراکەتی بەغدا؟ بە بیانووی جۆراوجۆر پۆستە وەزارەتییەکان و بریکارەکان و پۆستە ئەمنییەکان و پەرلەمانییەکانیان لە کورد وەرگرتەوە. ئەوەی کورد لە بەغدا هەیەتی، پشک و بەشی خۆی نییە و مافی خۆی پێ نەدراوە، بە بیانووی زۆرینە دەیانەوێت بە یەکجاری کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق جیا بکەنەوە، لە کاتێکدا ئێمە، وەک پارتی، پێشتر بە ڕاشکاوی هەڵوێستی خۆمان بە بەغدا گوت و حزبە سیاسییەکانی کوردستانیشمان ئاگادار کردەوە، کەچی بەشێکیان پێیان وابوو ئێمە گرفتی شەخسیمان لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام ئیستا باش لەوە گەیشتوون کە پارتی درکی بەو نییەتەی بەغدا کردبوو، بەتایبەت دوای بڕینی بوودجەی کوردستان و ناونووسینی گەنجان بۆ ناو حەشدی شەعبی، واتە پارتی زووتر پەیامی خۆی گەیاند، بەڵام هەندێک لایەن گوێیان نەگرت.''

ئەوەشی خستەڕوو: ''وەک پارتی دیموکراتی کوردستان نابینە بەشێک لەو ململانێ سیاسی و تائیفەگەرییەی لە بەغدا هەیە، زۆر لایەن هەوڵیان داوە، پارتی بکەنە بەشێک لەو ململانێیە، بەڵام نەیانتوانیوە.''

دەشڵێت: ''شەراکەتی بەغدا ئاوا نابێت، کاتی خۆی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بەشێکی گرینگ بوو لە بنیادنانەوەی عێراق، بەڵام ئەوان نەیانتوانی ئەوە بکەن کە کورد کردی.''
kdp-
Top