میر تەحسین: هەولێر لە سەرەتای هێرشی داعشەوە بە دەنگ کوردانی ئێزدی هاتووە
میر تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ 300 ئازادکراوی کوردی ئێزدی ئەنجامی دا، ئاماژەی بەوە کرد: ”هەر لە سەرەتای هێرشەکەی داعشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، خاوەنداری لە کوردانی ئێزدی کردووە و تاوەکوو ئێستا هەوڵەکانی حکوومەت لەمبارەیەوە بەردەوامە و کەموکوڕی نەبووە“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە دەوروبەری 3 هەزار کوردی ئێزدی لە دەست داعش ڕزگار کراون و گوتی: ”ئێمە سەردانی زۆر وڵاتمان کردووە، تاوەکوو لە ڕزگارکردنی کوردانی ئێزدی هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن“.
میر تەحسین جەختی لەوە کردەوە کە دەرگایان بۆ هەر ژن و کچێکی ئێزدی کراوەتەوە کە ڕزگار دەکرێن و ڕای گەیاند: ”ئەوان کچ و ژن و کەسوکاری ئێمەن و لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر“.
دواتر لە هەمان کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی، بابە شێخ، کەسایەتیی دیاری ئایینی ئێزدی، داوای کرد، ئیدی زوڵم و زۆرداری کۆتایی بێت و ئاشتی و برایەتی جێگەی بگرێتەوە.
باسنيوز
