بارزانی لەبارەی داواکارییەکانی دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەکان ڕێنمایی دەدات

 بارزانی لەبارەی داواکارییەکانی دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەکان ڕێنمایی دەدات
ڕۆژی یەکشەممە 30/4/2017، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ھاوبەشی حکوومەت و ھەردوو دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەکانی کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی پێشمەرگەکانی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەکان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیر و بەرپرسە پەیوەندیدارەکان بەڕێوەچوو، بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و ڕاسپاردەکانی سەرۆک بارزانی لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکان کرا. ھەروەھا حکوومەتیش ڕاپۆرتی خۆی لەبارەی ھۆکاری دواکەوتنی چارەسەرکردن و جێبەجێکردنی داواکانی ھەردوو دەزگەی ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەکان خستەڕوو.

ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا بارزانی لە وتەیەکدا جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ھەردوولا لەیەکتر تێگەیشتن لەنێوانیاندا هەبێت و لە یەکلاییکردنەوەی ناوی پێشمەرگەکان و ماف و شایستەکانیان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ڕەچاو بکرێت و ماندووبوون و خەباتی پێشمەرگەکان پشتگوێ نەخرێت. ھەروەھا ئەوەشی دووپاتکردەوە کە پێویستە ھەردوو دەزگای ئەیلوول و پێشمەرگە دێرینەکان بەرچاوی حکوومەت ڕوون بکەنەوە و حکوومەتیش بە میکانیزمێکی گونجاو چارەسەرکردنی کێشەی پێشمەرگەکان بە ئەولەویەتی خۆی بزانێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی کورتەیەکی لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دواڕۆژی کوردستان و پڕۆسەی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بۆ ئامادەبووان باس کرد.
















باسنیوز
Top