مالیکی ھەوڵ دەدات بە پارە هەندێک لیستی سیاسی بخاتە بەرەکەیەوە

 مالیکی ھەوڵ دەدات بە پارە هەندێک لیستی سیاسی بخاتە بەرەکەیەوە
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە، لە ھەوڵی کڕینی ھەندێک لیستی سیاسییە کە دەیەوێت لە داھاتوودا وەک کارتی ھەڵبژاردن بەکاریان بھێنێت.

ئیسلام حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "نووری مالیکی، سەرۆکی حزبی دەعوە لە ھەولی ئەوە دایە کە ھەندێک لیستی سیاسی لە عێراق بکڕێت، یان بیانخاتە ژێر سیاسەتی خۆیەوە و ئەوەش بەمەبەستی بەھێزکردنی پێگەی خۆیەتی لە عێراق و بەکارھێنانی وەک کارتێکی فشار لە ھەڵبژاردانی داھاتووی عێراقدا".

ئەو ئەندام پەرلەمانە لە درێژدا ڕاشیگەیاند "بۆ ئەمەش دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ ھەندێک لایەنی سوننە کردووە و توانیویەتی بڕوا بە بەشێک لە لیستەکان بھێنێت، بۆ ئەمەش داوای ھاوکاری لە ھەندێک ھێزی سیاسیی بچووک کردووە بۆ ئەوەی پشتیوانی لێ بکەن ڕەنگە بیر لەوە بکاتەوە کە لە داھاتوودا پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "لە ھەندێک شوێنی عێراق ململانێیەکی بەھێز لە نێوان سەدر و مالیکی ھەیە، بۆیە ئەمە وای کردووە ھەر یەکیان ھەوڵی فراوانبوونی دەسەڵات بدەن".















باسنیوز
Top