ئیتاڵیا چارەسەری 11 پێشمەرگە لە ئەستۆی خۆی دەگرێت

 ئیتاڵیا چارەسەری 11 پێشمەرگە لە ئەستۆی خۆی دەگرێت
کونسوڵی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان ڕای دەگەینێت، کە وڵاتەکەیان لەسەر ئەرکی خۆی چارەسەرکردنی 11 پێشمەرگە، کە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش، بریندار بوونە، دەگرێتە ئەستۆی خۆی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30/4/2017، سێرینا مرۆنی، کونسوڵی نوێی ئیتاڵیا لە ھەرێمی کوردستان، لە میانەی دیدارێکدا لەگەڵ فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕای گەیاند: "ئیتاڵیا بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بەردەوامیش دەبێت لە تەواوی پشتگیری و ھاوکارییەکان، لە ماوەیەکی نزیکیشدا 11 پێشمەرگە، کە لە شەڕی دژ بە داعش بریندار بوونە، لە ئیتاڵیا چارەسەری تەواویان بۆ دەکرێت".

بە گوێرەی ھەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارەکەیاندا لەگەڵ کونسوڵی ئیتاڵیا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ناوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پیرۆزبایی لە سێرێنا کرد، ھەروەھا سوپاسی گەل و حکوومەتی ئیتاڵیای بۆ پشتگیرییەکانی لە ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ناردنی ڕاوێژکاری سەربازی بۆ پێدانی مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە و ھاوکاری مرۆیی، کرد.














باسنيوز
Top