بەرپرسێکی شنگال: مانەوەی پەکەکە کێشەی بەردەوام بۆ ناوچەکە دروست دەکات

 بەرپرسێکی شنگال: مانەوەی پەکەکە کێشەی بەردەوام بۆ ناوچەکە دروست دەکات
بەرپرسێکی ئیداری لە شنگال رایدەگەیەنێت، کە مانەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شاری شنگال کێشەی بەردەوام بۆ ناوچەکە دروست دەکات.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال بە (عەرەبی جەدید)ی راگەیاندووە، حکوومەتی عێراق پشتگیریی ماددی و سەربازیی پەکەکە لە شنگال و هیواش دەخوازێ ئەم پشتگیرییە سیناریۆی بەغدا نەبێ، کە مایەی ناسەقامگیری کوردستان و ناوچەکەیە.

مەحما خەلیل هەروەها رایگەیاندووە، ئەو چەکدارانەی پەکەکە لە سووریا و ناوچەکانی دیکەوە چوونەتە شنگال و لە بەرژەوەندیی عێراق، تورکیا و سووریا نییە، ”چونکە مانەوەی پەکەکە لە هەموو لایەکەوە رەت کراوەتەوە و کێشەی بەردەوام بۆ ناوچەکە دروست دەکات“.

قایمقامی شنگال پێیوایە مانەوەی چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەکە ئارامیی و سەقامگیریی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەدات و داواش دەکات عێراق بە جددی کار بکات بۆ دەرکردنیان، هاوشێوەی میلیشیاکانی موجاهیدنی خەلقی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی.

چەکدارانی پەکەکە لە شنگال وەک میلیشیایەکی حەشدی شەعبی لە حکوومەتی عێراق تۆمار کراون و مووچە و چەکیان پێ دەدرێت، بە ئامانجی دژایەتیکردنی هەرێمی کوردستان و تورکیا.

دوای رزگارکردنەوەی شاری شنگال لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوەڕاستی مانگی 11می 2015 بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رزگار کرایەوە، چەکدارانی سەر بە پەکەکە لە سنووری شارەکە جێگیر بوون.












باسنيوز
Top