ڕێککەوتنی میدیایی گۆڕان و یەکێتی ھەڵدەوەشێتەوە و ئەندامێکی سەرکردایەتیش دەڵێ یەکێتی ئاگادارییەکی بە گۆڕان داوە

 ڕێککەوتنی میدیایی گۆڕان و یەکێتی ھەڵدەوەشێتەوە و  ئەندامێکی سەرکردایەتیش دەڵێ یەکێتی ئاگادارییەکی بە گۆڕان داوە
ڕێککەوتنی میدیایی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەڵدەوەشێتەوە و بڕیارە ھەردوولا لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەن.

محەمەد چاوجوان، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕاگەیاند: ”بە برادەرانی گۆڕانمان گوتووە، ئێوە کە رێککەوتنتان لەگەڵ ھێزێکدا ھەبێت، ناکرێت لە ڕاگەیاندنەوە ھێرشی بکەنە سەر“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”ئەم ڕێککەوتنە میدیاییەی گۆڕان و یەکێتی، یان دەبێت جێبەجێ بکرێت، یان دەبێت شتێکی دیکە، یان ئالیەتێکی دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە ناکرێت لە ڕاگەیاندنەوە ھێرش بۆ سەر یەکتری بکرێت، بۆیە دەبێت یەکێتی و گۆڕان دابنیشنەوە و لەسەر ئەو پرسانە کۆبوونەوە ئەنجام بدەن".

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوەی دوێنێ شەممە 29/4/2017 لەلایەن یەکێتییەوە باس کراوە، ”ئاگادارییەک بووە بۆ گۆڕان“.

لە لایەن خۆیەوە نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕای گەیاند: ”بزووتنەوەی گۆڕان پابەند بە ڕێککەوتنەکەوە، بەڵام خۆ ناکرێت بێدەنگ بێت بەرانبەر بەو ئاراستەی سیاسییانە ڕووبەڕووی دەکرێتەوە".

پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاندووە: "میدیای گۆڕان بە شێوەیەکی نابەجێ ھێرش دەکاتە سەر یەکێتی و لە ماوەی ڕابردوویشدا چەندین بابەتی ورووژاندووە، ئەمە بۆ میدیای گۆڕان ئاسایی نییە، چونکە ڕێککەوتن ھەیە لە نێوانماندا“.









باسنیوز
Top