شێخ جەعفەر مستەفا: زیاتر لە 200 گەنجی خانەقین وازیان لە حەشدی شەعبی ھێناوە
بەپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتیی کوردستان لە خانەقین، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زیاتر لە 200 گەنجی کورد لە ڕیزەکانی حەشدی شەعبیەوە گەڕاونەتەوە، بەشێکیشیان دەیانەوێت پەیوەندی بە بەڕیزەکانی پێشمەرگەوە بکەن.
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی دیموکراتیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "زیاتر لە 200 گەنج لە ڕیزی چەکدارانی حەشدی شەعبی لە خانەقین گەراِونەتەوە و دەیانەوێت پەیوەندی بە ڕیزی ھێزەکانی پێشمەرگەوە بکەن، چونکە کوردەکان شەڕ بۆ حەشدی شەعبی ناکەن و ئینتمای نەتەوایەتییان لە ئینتمای مەزھەبگەرایی زیاترە".
بەرپرسی لقی خانەقینی پارتی، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو کوردانەی لە خانەقین چوونەتە ڕیزی چەکدارانی حەشدی شەعبی پێیان گوتراوە تەنیا مووچەتان پێدەدرێت و نە شەڕکردن نەئێشیان پێ ناکرێت، بەڵام دوای ئەوەی ھێرشکرایە سەر لیوای حەشد و چەند جارێک لێیان کوژرا، کوردەکان ئامادەنەبوون لەگەڵ ئەواندا بمێننەوە و خۆیان لە پێناوی ئەواندا بە کوشت بدەن".
دوای ئەوەی لە ماوەکانی ڕابردوودا باس لەوە کرا، کە ژمارەیەک لە ھاووڵاتیانی سنوورەکانی ئیدارەی گەرمیان، پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە، پەیوەندیان بەڕیزەکانی حەشدی شەعبیەوە کردووە، کاردانەوەی لایەنە کوردییەکانی بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەو بەرپرسەی پارتی، لەوبارەوە گوتیشی: "بەشێکیان بە ئومێدی ئەوەی کە وەربگیرێن لە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەدا گەڕاونەتەوە، ھەروەھا برادەرانی مەڵبەندی یەکێتی لە خانەقین بەڵێنێکیان پێداون، بەشێکیش لەو گەنجانە، ئێستا پێیان شەرمە کەپەیوەندیان بە حەشدەوە کردووە".
bas news-
