ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر مەترسییەکانی بۆمب و ڕزگارکردنی ھاورێکانیان ڕادەھێنرێن
بێستون کاکەیی، بەرپرسی بنکەی داقووقی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتیی یارسان، "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 29/4/2017 ڕێکخراوەکەمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی بەرەکانی جەنگ سەردانی ھێزەکانی پێشمەرگەمان کردووە لە بارەگای ھێزەکانی 70 لە شاری کەرکووک و خولێکمان لەسەر مەترسییەکانی بۆمب و چۆنێتی ڕزگارکردنی ھاوڕێکانیان لەو مەترسییە لە کاتی جەنگدا بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە کردەوە".
بەرپرسی بنکەی داقووقی کۆمەڵەی ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتیی یارسان، ئەوەشی خستەڕوو: "ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە لە خولەکەدا بەشدارییان کرد و پاش تەواوبوونی خولەکەش خەڵات بەسەر بەشداربوواندا دابەشکرا".
گوتیشی: "مەبەست لەم جۆرە خولانە بۆ ئەوەیە ھێزەکانی پێشمەرگە بە کەمترین زیانەوە ڕووبەڕووی شەڕ لەگەڵ چەکدارانی داعش ببنەوە، بەتایبەتی لەئێستا کە بەھۆی لاوازبوونی ئەو ڕێکخراوەوە پەنایان بردووەتە بەر دانانی بۆمب لە ڕێگە سەرەکییەکاندا بەمەبەستی زیان گەیاندن بە ھێزەکانی پێشمەرگە"
bas news-
