کەرکووک.. نەخۆشخانەیەکی تایبەت داخرا

کەرکووک.. نەخۆشخانەیەکی تایبەت داخرا
بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، ڕای دەگەیەنێ کە لە کەرکووک لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بە داخستنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت، لە سەر سکاڵای کە بە ھۆی دانانی کانۆلاوە بۆ ئافرەتێک، دەستی ئاوساوە.



حوسێن سابیر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەی تایبەتی دارلحیکمە لە کەرکووک، ئافرەتێک دەستی تووشی گرفتێک دەبێت و دەئاوسێ، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەو حاڵەتەوە پێکھێنراو لیژنەکەش بڕیاریدا بۆ ماوەی ھەفتەیەک ئەو نەخۆشخانەیە دابخرێت، تا ئەو کاتەی لێژنەکە لێکۆڵینەوەکانی تەواو دەکات و بڕیاری دیکە دەر دەکات".



بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو لێژنەی لێکۆڵینەوەش دوای ئەوە پێکھات کە مێردی ئافرەتە نەخۆشەکە بە ناوی نۆزان سەڵاحەدین، سکاڵای یاسایی بەرز کردەوە بۆ فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک، دژ بە نەخۆشخانەی دارلحیکمەی تایبەت، دوای ئەوەی لەو نەخۆشخانەیە کانۆلا بۆ خێزانەکەی دادەنێن و پاشان دەستی دەئاوسێ".
bas news-
Top