كرمانج عەبدوڵڵا: پێكهاتەكانی مەخموور، پشتگیریی پڕۆژەی سەرۆك بارزانی دەكەن
(كرمانج عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "دانیشتووانی سنووری مەخموور بە هەموو پێكهاتەكانییەوە پشتگیریی پڕۆژەی (سەرۆك بارزانی) بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و، چاوەڕێی بەڕێوەچوونی پڕۆسەكەن بۆ ئەوەی بەشداری تێدا بكەن و دەنگ بە ریفڕاندۆمەكەی هەرێمی كوردستان بدەن، چونكە لە سەردەمی رژێمی عێراق ستەمێكی زۆر لە خەڵكی ناوچەكە كراوە و رژێمی بەعس زۆربەی ناوچەكەی تەعریب كردبوو، هەتا كار گەییشتبووە ئەوەی قەزای مەخمووری خستبووە سەر پارێزگای نەینەوا، بەڵام ئێستا خەڵكی ناوچەكە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندایە و سەركردایەتیی سیاسیی كورد و حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پڕۆژەیان پێشكەش بە ناوچەكە كردووە".
بەرپرسی لقی 23ـی مەخموور ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، "بە درێژایی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان توانیویانە هەموو گوندەكانی سەر بە قەزای مەخموور كۆنتڕۆڵ بكەنەوە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش و ئێستایش هێزی پێشمەرگە ناوچەكە دەپارێزێ لە هەر ئەگەرێكی هێرشكردن و تێكدانی رەوشی ناوچەكە".
(عەبدوڵڵا) گوتیشی، "بە هەمان شێوەی كورد، پێكهاتەی عەرەبی سنووری مەخموور و شەرگات لەگەڵ پڕۆژەكەی (سەرۆك بارزانی)ـن و هەردوو هۆزی لهێب و سەبعاوی كە دوو هۆزی سەرەكیی ناوچەكەن، سەردانیان كردین و ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ ئەوەی لە ریفڕاندۆمدا دەنگ بە پڕۆژەكەی (سەرۆك بارزانی) بدەن، خەڵكی دیكەیش رۆژانە سەردانمان دەكات و ئێمەیش سەردانیان دەكەین و ئامادەیشن بۆ ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی".
kdp-
