"سەربەخۆیی كوردستان، لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە"

شرۆڤەكارێكی سیاسی رایگەیاند، سەركردایەتیی سیاسی كورد و خەڵكی كوردستان ریفراندۆم یەكلا دەكەنەوە نەك هیچ كەس و لایەنێكی دیكە، بێگومان سەربەخۆیی كوردستانیش لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتیدایە.

(د. عەبدولحەكیم خەسرۆ)، پسپۆڕ لە زانستە سیاسییەكان و شرۆڤەكاری سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هیچ شتێك نییە بە ناوی دژایەتیكردنی ریفراندۆم، سەركردایەتیی سیاسیی كورد و گەلی كورد ئەو پرسە یەكلا دەكەنەوە، بۆیە ئێمە بە هیچ شێوەیەك چاومان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە، بۆ ئەوەی مەلەفی ریفراندۆممان بدەنێ، ئەوەی لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، ئەوەیە كە تا چەند ئەو دەوڵەتە نوێیەی كە دروست دەبێت، دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئەمن و ئاساییشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە ئەوە گرینگە تا چەند هەرێمی كوردستان بەو سەربەخۆییە، ئۆكەی دەداتە وڵاتانی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، كە سەربەخۆیی كوردستان لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتیە، لەبەر ئەوە ئەو پەیامە بۆ ئێمە زۆر گرینگە كە لەو قۆناغە و لە داهاتوویشدا كاری لەسەر بكەین".

(خەسرۆ) گوتیشی: "پێم وا نییە هیچ كەس ولایەنێك ڕێگر بێت لە بەردەم كاراكردنەوەی پەرلەمان، كارانەكردنەوەی پەرلەمانیش نابێتە ڕێگر لە بەردەم ریفراندۆمدا، بەڵكوو كاراكردنەوەی پەرلەمان پەیوەندی بەو سازانەوە هەیە كە تێك چووە، دووبارە دەكرێت لە چوارچێوەی ڕێككەوتنێكی نوێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە و ئیشوكاری خۆی بكات، ئەگەر لایەنەكانیش جیددی بن، كاراكردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی پرۆسەكەدا دەبێت، دەبێت لایەنەكانیش بێن بیروبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە شێوازی ڕێككەوتن لەسەر پرسەكە بخەنە ڕوو، ئەو تەوافووقە بەو چوارچێوەیە دەبێت بۆ ئەوەی كە پەرلەمان ئەگەر كارا كرایەوە ئەركی سەرەكیی، چارەكردنی هەموو قەیران و كێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە، نەك دروستكردنی كێشەیەكی دیكە، كە بەربەستێكی گەورەتر لە بەردەم پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان دروست بكات، بەڵكوو پێویستە لە خزمەتی ریفراندۆمدا بێت و لە ئێَستایشەوە بیر لەوە بكرێتەوە چۆن ئیشوكاری سەرەكی ریفراندۆم بێت، نەك دروستكردنی كێشە و قەیران".
kdp-
Top