دربۆ: لە دەڤەری شنگال ٨٠٠ چەکدار لە پەکەکە جیا بوونەتەوە
(قاسم دربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''جیابوونەوەی چەکدارانی یەپەشە لە پەکەکە بەردەوامە و تا ئێستاش ٨٠٠ چەکداریان جیا بوونەتەوە، کە ٤٠٠ کەسیان دەستیان بە مەشق و ڕاھێنان کردووە و٢٠٠ی دیکەشیان لە ماڵەوە دانیشتوون و٢٠٠ چەکداریشیان وەکو وەجبەی دووەم ئامادە دەکرێن بۆ ئەوەی مەشق و ڕاھێنانیان پێ بکرێت، بەڵام بە ھۆی ئەوەی بە بەردەوامی پێوەندی بە ھێزی پێشمەرگەوە دەکەن، چاوەڕێین ژمارەکە زیاتر بێت و دەست بە مەشق و ڕاھێنان بکەن.''
(قاسم دربۆ) گوتی: ''پەکەکە لە دوای بۆردومانەکەی تورکیا بۆ سەر بارەگاکانیان کە شەش بارەگای سەرەکییان ھەبوو، ھەموویان خاپوور کراون، ورەیان ڕووخاوە و ناوێرن بە ئازادی ھاتوچۆ بکەن و بە نھێنی دێنودەچن، تەنانەت ناوێرن بازگەکەشیان بەئاشکرا دانێنەوە، چونکە فڕۆکەکان ئەو بازگەیەشیان بۆردومان کردبوو، کە لە ڕێی ئەوەوە پارەیان وەکو سەرانە لە خەڵک وەردەگرت.''
(دربۆ) گوتیشی: ''پەکەکە ھیچ کارێکی لە شنگال نەماوە و خەریکە لە ناوچەکەدا بەرەو کۆتایی دەچن، چونکە ھیچ ڕۆڵێکیان نەماوە.''
kdp-
