جەبار یاوەر: ئەمریکا بەڵێنی پڕچەککردنی دوو لیوای دیکەی پێشمەرگەی داوە

 جەبار یاوەر: ئەمریکا بەڵێنی پڕچەککردنی دوو لیوای دیکەی پێشمەرگەی داوە
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد کە ئەمریکا بەڵێنی پڕچەککردنی دوو لیوای دیکەی پێشمەرگەی داوە و مەشقی ئەو دوو لیوایەش لە ئەستۆ دەگرێت.

ئەمڕۆ شەممە 29/4/2017، جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند:“لە کۆبوونەوەی هەفتانەدا لەگەڵ نوێنەرایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، داواکارییەکانمان پێشکەشیان دەکەین و ئەوانیش لە هاوکاریکردنمان بەردەوامن“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەمریکا دوو لیوای پێشمەرگەی پڕچەک کردووە و مەشقی پێ کردوون و ئێستا هەردوو لیواکە لە ئەرکی خۆیان دان.

جەبار یاوەر ئاشکرای کرد: ”لە نوێترین هاوکاریی خۆیدا بۆ پێشمەرگە، بڕیارە دوو لیوای دیکەی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریکا و هاوپەیمانانەوە پڕچەک بکرێت و مەشقیان پێ بکرێت، بەم جۆرەش چوار لیوای پێشمەرگە پڕچەک دەکرێن و مەشقیان لەسەر دەستی ئەمریکییەکان پێ دەکرێت“.

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە بە بڕی زیاتر لە 295 ملیۆن دۆلار، چەکی جۆراوجۆر بە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەفرۆشێت.











باسنیوز
Top