ئەو شاندە بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردستان ناکەن

  ئەو شاندە بە هیچ شێوەیەك نوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردستان ناکەن
نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا نیگەرانە لە سەردانی چەند پەرلەمانتارێکی کوردستان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا و دەڵێت: "ناکرێ وڵاتێک خاوەنی سەروەری بێت ئاوا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت".



عەلی دۆڵەمەڕی، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا راگەیاند: چەند ڕۆژێک پێش ئێستا چەند پەرلەمانتارێکی کوردستان بەناوی پەرلەمانی کوردستان سەردانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپایان کردووە کە نیگەرانیی زۆری لێ کەتەوە، چونکە بەبێ ئاگاداریی پەرلەمانی کوردستان و حکوومەت و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان ھاتوون، دەبێت ئەوانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر بگیرێتە بەر، چونکە ناکرێت ھەر کەسێک لە خۆیەوە بێتە پەرلەمانی ئەورووپا و بە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان خۆی بناسێنێت، چونکە ئەوەی کرا لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا نییە".



لە درێژەدا گوتیشی: "ئەو پەرلەمانتارانە گوایە سکاڵایان کردووە کە دەبێ پەرلەمانی کوردستان کارا ببێتەوە، لە کاتێکدا ئەوە پرسێکی ناوخۆییە، کەس ناتوانێت پەرلەمان کارا بکاتەوە و تەنیا ھێزە سیاسییەکانی کوردستان نەبێت و دەبێ ئەم پەرلەمانتارانە سزا بدرێن".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دیدارە لەلایەن چەند رێکخراوێکی سەر بە پەکەکەوە ئەنجام دراوە و دەیەوێت لەو رێگایانەوە مەرامی سیاسیی خۆی بەدەست بھێنێت و دەیانەوێت بەرژەوەندیی خۆیان لەرێگای چەند پەرلەمانتارێکەوە بچەسپێنن، لە کاتێکدا دیدارەکانی ئەم پەرلەمانتارانە شاراوە بووە و بەبێ ئاگاداریی نوێنەرانی حکوومەت لە دەرەوەی وڵات بووە.



عەلی دۆڵەمەری ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کەسانە بە ھیچ شێوەیەک نوێنەری پەرلەمانی کوردستان نین و ئەم گرووپە ھەوڵیان داوە سیمای ھەرێمی کوردستان ناشیرین بکەن جگە لەوەش بڕیارە چەند دیدارێکی دیکە ئەنجام بدەن کە گومانیان لەسەر ھەیە.



ھاوکات، د. محەممەدعەلی یاسین، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ، گوتی: ئەم شاندە کۆبوونەوەکانیان لەلایەن ھەندێک لە رێکخستنەکانی پەکەکە لە برۆکسل رێک خراوە و بەردەوام نوێنەری ئۆفیسی ئەوان لە گەڵیان دایە، لە کاتێکدا ئەگەر شاندی فەرمیی پەرلەمانی کوردستانەوە بێت، ئەوکاتە نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵیان دەبوو، بۆیە ئەمە ھیچ پەیوەندییەکی بە شاندی پەرلەمانی کوردستانەوە نییە و نوێنەرایەتیی پەرلەمان ناکات، نوێنەرایەتیی فراکسیۆنەکانیش ناکات و، بەبێ ئاگاداریی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و رێکارە یاساییەکانی گەشتکردنی پەرلەمانتاران ئەم سەردانەیان ئەنجام داوە."







باسنیوز
Top