پەرلەمانتارێکی یەکێتی: مەکتەبی سیاسی بڕیاری لادانی ئاڵا تاڵەبانی دەرکردووە
کامەران باجەلان، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەو زانیارییانە کردووە کە لە بارەی خۆنوێکردنەوەی سەرۆکایەتیی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بڵاو دەکرێنەوە کە گوایە سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری ھەڵبژاردۆتەوە. ئەو پەرلەمانتارە لە چەند خاڵێکدا تێبینییەکانی خستووەتە ڕوو. لە خاڵی یەکەمدا باسی لەوە کردووە کە ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنەکە، بەبێ ئاگاداریی نیوەی ئەندامانی فراکسیۆنەکە، کۆبوونەوەیەکی کردووە و ”گوایە جارێکیتر خۆی بەپێوەری حوسنی موبارەک ھەڵبژاردۆتەوە، چونکە من جێگری سەرۆکی فراکسیۆنم و ئاگاداری ئەو ھەڵبژاردنە نەبوومە“.
لە خاڵی دووەمیشدا دەڵێت: ”دیارە ئەو ھەڵبژاردنە زیاتر لە شانۆگەرییەک دەچێ بۆ چەواشەکردنی خەڵکی و ڕێگەگرتن لە لادانی لە سەرۆکایەتیی فراکسیۆنەکەمان“.
کامەران باجەلان لە خاڵی سێیەمی ڕوونکردنەوەکەیدا باسی لەوە کردووە: ”لەم خولەی پەرلەمانی عێراق، لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و بەبێ ھەڵبژاردن، خاتوو ئاڵا بەسەرۆکی فراکسیۆن و منیش بەجێگری داندراین، بەڵام لەبەر ئەوەی ھەڵسوکەوت و کارەکانی دوور بوون لە سیاسەتی (ی.ن.ک) و ڕێبازی مام جەلال، زۆربەی ھەرەزۆری ئەندامانی فراکسۆنەکەمان دوای گەیاندنی نیگەرانییەکانیان بە مەکتەبی سیاسی، خۆیان لە فراکسیۆنەکە دوورکردەوە و منیش پشتگیری ئەوانم کرد“.
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی کە ئێستا کەسێکی دیکە لە شوێنەکەی داندراوە، ئەوەی ئاشکرا کردووە: ”لەبەر ئەوەی نەک تەنیا زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی، بەڵکو جێگری سکرتێری گشتی و مەکتەبی سیاسیش گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئاڵاخان ناتوانێ سەرکردایەتیی فراکسیۆنەکەمان بکا لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی لە مانگی ئابی ڕابردوو، بەکۆی دەنگی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، بڕیاری لادانی درا، بەڵام بەھۆی کێشە ناوخۆییەکانمان بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا، بەڵام بڕیارەکە وەکو خۆی ماوەتەوە“.
هەر لەو ڕوونکردنەوەیەدا کامەران باجەلان باسی لەوە کردووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوو جارێکی دیکە مەسەلەی لادانی ئاڵا تاڵەبانی لەلایەن مەکتەبی سیاسیی یەکێتییەوە ھاتووەتەوە پێش و ئەویش ھەستی پێکردووە، بۆیە ”شانۆگەرییەکی لەم بابەتەی دروستکردووە، بەبێ ئاگاداری و ئامادەبوونی نزیکەی نیوەی پەرلەمانتارانی یەکێتی، جارێکی دیکەی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی خۆی درێژکردۆتەوە و جێگرێکیشی بۆ خۆی داناوە“.
لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاڵا تاڵەبانی ”بەھیچ شێوەیەک مافی ئەوەی نییە، بەبێ بڕیار و ئاگاداریی مەکتەبی سیاسی و ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی فراکسیۆنەکەمان، بەتایبەت کادیرە دیار و سەرۆک لێژنەکانی پەرلەمان، کارێکی لەو جۆرە بکات، بۆیە ئەو لانی کەم سەرۆکی نیوەی فراکسیۆن نییە و بۆی نییە بەناوی فراکسیۆنی یەکێتی قسەبکا“.
باسنیوز
