شهش حزبی کوردستانی ڕۆژههڵات داوای بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی ئێران دەكەن
شەش حزبی ئۆپۆزسیۆنی كوردی كۆماری ئیسلامی ئێران، داوا دەکەن دەنگدەرانی ناوچەکە بەشداری ھەڵبژاردنەکانی مانگی داهاتووی کۆماری ئیسلامی ئێران نەكەن و بایكۆتی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بكەن.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠١٧ لەبارەگای کۆمەڵە نزیک ناوچەی زڕگوێزی شاری سلێمانی، ھەریەک لە كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستان، كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران، حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران. بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەسەر هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتووی كۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوونەوە .
لەناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشدا ئەو شەش حزبە بڕیاریاندا، جارێکی دیکە بایکۆتی ھەلبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن و داواشیان لە دەنگدەرانی ناوچەکە، کرد، بەشداری پڕۆسەی دەنگدان نەکەن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا "ئیبراھیم عەلی زادە"، سكرتێری رێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران، بەیاننامەی هاوبەشی ئەو حزبانەی خوێندەوە و ڕایگەیاند : " ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم كۆبووینەوە و هەموو لایەنەكان لە پرسی هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتووی ئێرانمان كۆڵییەوە كە لە 19ی ئایاری داهاتوو ساز دەكرێت، لەم كۆبوونەوەشدا هەموو لایەنەكان بڕیاری ئەوەماندا بایكۆتی ئەو هەڵبژاردنانە بكەین، ئەوەش وەڵامدانەوەیەكە بە داخوازی خەڵكی كوردستان بەو مەسەلانەی پەیوەستن بە داخوازییەكانی ئەوانەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، كه ئەوەی بە ناوی هەڵبژاردن لەم رۆژەدا لە ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەدەچێت، بە هیچ پێوەرێكی دیموكراتی ناتوانرێت ناوی هەڵبژاردنی ئازادی لێبنرێت. لە دۆخێكدا كە حزبە سیاسییە نەیارەكانی رژێم قەدەغە كراون، رادەربڕینی ئازاد تاوانە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە سەرەتاییترین مافی نەتەوایەتی و مرۆیی خۆیان بێبەش كراون".
باسی لەوەشکرد، كه ئەم هەڵبژاردنە بە واتای بێ مافكردنی كۆمەڵانی خەڵك لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆیانە و یەكێك لە هۆكارەكانی درێژكردنەوەی تەمەنی كۆماری ئیسلامی و نیزامی سەرەڕۆ و داپڵۆسێنەرە لە ئێراندا، بۆیە باشترە خەڵکیی بەشداری هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتووی سەركۆمار و شارەوانییەكان نەكەن، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ سیاسەتەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر مافەكانی كورد.
bas news-
