سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە لە روونكردنەوەیەكدا سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی دەنگۆی ئەوەی ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان كوردستان لەسەر داوای پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆكسل سەردانی باڵەخانەی ئەو پەرلەمانەیان كردووە، رایگەیاندووە کە هیچ شاندێكی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە داوەت نەكراوە و ئەم سەردانە بە نوێنەرایەتی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نەدراوە. ئەو پەرلەمانتارانەش بە هەماهەنگی لە نێوان خۆیاندا و بە بێ ئاگاداریكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و رێکارە یاساییەكانی گەشتكردنی پەرلەمانتاران، ئەم سەردانەیان ئەنجام داوە.
لە روونکردنەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە "ڕۆژی 27/4/2017 هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە كە گوایە ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان كوردستان لەسەر داوای پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆكسل سەردانی باڵەخانەی ئەو پەرلەمانەیان كردووە".
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە "ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنین كە هیچ شاندێكی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی ئەورووپاوە داوەت نەكراوە و ئەم سەردانە بە نوێنەرایەتی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام نەدراوە و ئەوەی لە چەند میدیایەكیش دەربارەی ئەم سەردانە ئاماژەپێكراوە دوورە لەراستی، بەڵكو ئەو پەرلەمانتارانە بە هەماهەنگی لە نێوان خۆیاندا و بە بێ ئاگاداریكردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و رێكارە یاساییەكانی گەشتكردنی پەرلەمانتاران ئەم سەردانەیان ئەنجام داوە".
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە "بەدواداچوون دەربارەی ئامانج و مەبەستەكانی ئەم سەردانە دەكرێت".
bas news-
