هێمن هەورامی ئاستی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانی لە پانێڵێکدا خستە ڕوو
بەشی دیپلۆماسی و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی لوبنانی- فەرەنسی لە (٢٦/٤/٢٠١٧)دا پانێڵێکی سیاسی - ئەکادیمی لە چوارچێوەی پرسیاردا بۆ (هێمن هەورامی)، یاریدەدەری (سەرۆک بارزانی)، بە ناونیشانی (کاریگەریی پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی سەربەخۆیی) ڕێک خست.
(هێمن هەورامی) بە پێی کۆمەڵێک ئارگیومێنت پرسی سەربەخۆیی گرێ دا بە سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە و گوتی، پرسی هاتنە سەرخەتی وڵاتانی دنیا لە یەکەم ڕۆژی پەلاماری تیرۆریستیی داعشدا، نموونەی ئەو سەرکەوتنە بوو، کە لە پێوەندییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا ڕنگی داوەتەوە.
(هەورامی) باوەڕی وایە، ئەو پێگە دیپلۆماسییە تەنیا لە سیاسەتی دەرەوەدا نەبوو، هێز و قارەمانەتیی پێشمەرگەکانی کوردستانیش بەشێکە لە ئاراستەکردنی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەیشی دا، دەبێ باڵانسی پێوەندییەکانمان بپارێزین و پێوەندییەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی کوردستان هەڵچنین و سیاسەتی کوردستانی دەگرینە بەر.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا (هەورامی) ڕۆشنایی خستە سەر ستراتیژیی (سەرۆک بارزانی) و پارتی بۆ پرسی ڕیفراندۆم و ڕۆیشتن بەرەو سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، کاتێک کە (سەرۆک بارزانی) باس لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستاندا دەکات، ئەوا ستراتیژییەکی ڕوونی داڕشتووە، چونکە هەر هەنگاوێکی سەرۆک ئاماژەیە بۆ بینینی چەندین هەنگاوی ئایندە. بۆیە ستراتیژیی ئێستای (سەرۆک بارزانی) بۆ کوردستان ئەوەیە، کە نایەوێت ئایندەمان وەک ڕابردوو بێت. لە کۆتاییدا گوتیشی، ئەمساڵ ڕیفراندۆم دەکرێت.
kdp-
