"دهۆك و كەركووك، پرسی ئاڵای كوردستان و بەرنامەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تاوتوو دەكەن"

جێگری سەرۆكی فڕاكسیۆنی زەرد لە ‌ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك دەڵێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەردانی شاری دهۆك دەكەن و، لەگەڵ پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆكیشدا كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەن.

(جەمیلە محەممەد ئیسماعیل)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی ڕایگەیاند‌، "ئەمڕۆ پێنجشەممە بڕیارە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك سەردانمان بكەن و، بەیەكەوە كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین و، دواتریش سەردانی پارێزگاری دهۆك دەكەن".

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە‌ ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆك ڕاشیگەیاند، "سەردانەكە و كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بۆ مەبەستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشە و، ئەو پرس و كێشە و گرفتانەی كە لە شاری كەركووك هاتوونەتە پێش، گفتوگۆیان لەبارەوە دەكەین و، هەروەها پرسی ئاڵای كوردستان و بەرنامەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەیەكەوە تاوتوو دەكەین كە لە ئێستادا و بەر لە ئەنجامدانی، چ رێكارێك بگرینە بەر".
kdp-
Top