بەرواری: پەكەكە لە كاتی كیمیاباران و ئەنفالكردنی كورددا، هاوكاریی لە سووریا و عێراق وەردەگرت

 بەرواری: پەكەكە لە كاتی كیمیاباران و ئەنفالكردنی كورددا، هاوكاریی لە سووریا و عێراق وەردەگرت
شرۆڤەكارێكی سیاسی ده‌ڵێ، پەكەكە لە كاتی كیمیابارانكردن و ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستاندا، هاوكاریی لە هەردوو رژێمی سووریا و عێراق وەردەگرت. دەشڵێ، پەكەكە لەوە دەرچووە ببێتە هێزێكی كوردستانی لەبەر ئەوەی سازشی لە ناوی كورد و كوردستانیش كردووە.


(عەبدولسەلام بەرواری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ئێمە مێژوویەكی تاڵمان لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"ـدا هەیە و، دەگەڕێتەوە بۆ بەر لە راپەڕین، ئاشكرایە ئەوەندەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بە تایبەت (سەرۆك بارزانی) بۆ پەكەكەی كردووە، هیچ كەس و لایەنێك ئەوەندە هاوكاریی پەكەكەی نەكردووە، لە ساڵی 1981 من رەوانەی لقی یەكی پارتیمان كرام، هێشتا پەكەكە شەڕی رانەگەیاندبوو، (سەرۆك بارزانی) منی راسپارد و پێی گوتم ئەمانە واتە پەكەكە، حزبێكی نوێن و بە شێوازی تازە و درووشمی تازە لە نێو شار دامەزراون و دەبێت هاوكارییان بكەین، ئێمە بە چەك و بە پارە دەرگامان بۆ پەكەكە كردەوە و پەكەكەمان بە خەڵكی ناساند، درووشمێكی گەورەیان هەبوو لەسەر هەر چوار پارچەی كوردستان".
(بەرواری) گوتی، "بە داخەوە هەر زوو دەستیان كەشف بوو و لە درووشمەكانی خۆیان پەشیمان بوونەوە، لەو كاتەی ئێمە خەباتمان دەكرد و خەڵكی ئێمە رووبەڕووی ئەنفال و كیمیابارانكردن بوونەوە، پەكەكە پڕوپاگەندەی هەڵوەشاندنەوەی چوار دەوڵەتی ناوچەكەی دەكرد، كەچی باشترین یارمەتی لە عێراق و ئێران و سووریا وەردەگرت، بەداخەوە هەر لە رۆژەكانی سەرەتای راپەڕین دژی ئێمە وەستایەوە و لە كاتی دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەڕی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان راگەیاند."

ئەو شرۆڤەكارە سیاسییە دەشڵێ، "لە هەر قۆناغێكدا كە خەریك بووە هەنگاوێكی دیكە بچینە پێش، چونكە چارەنووسمان هەمیشە بەرەو پێشە و پەكەكەیش هێشتا هەر لە شوێنی خۆیەتی و بەرەو پاش دەچێت، هەمیشە هەوڵی داوە كێشەیەك بۆ ئێمە دروست بكات، لەم كۆتاییانەیش كە پارتی باسی پەكەكەی دەكرد، خەڵكانێك بە بەهانەی ئەوەی گوایە كوردن و برانە رەنگە بە شێوەیەكی دیكە لێكیان دابێتەوە، بە تایبەتی لەلایەن بەشێك لە حزبەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بەڵام ئاشكرا بوو كە پەكەكە لە رۆژئاوا بە چ شێوەیەك بیر دەكاتەوە و چ جۆرە دەستەڵاتێكە، نوسخەیەكی بەعسی (حافز ئەسەد)ـە، لەسەر زاری سووریاییەكان باسیان كرد، ئەو خاكەی لەژێر دەستی پەكەكەدایە لە سووریا ئەمانەتە، ئەوەیش ئاشكرا بوو چەند ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵ كرد و رادەستی رژێمی (بەشار ئەسەد)ـیان كردەوە، بە ڕاستی پەكەكە لەوە دەرچووە ببێتە حزبێكی كوردی، چونكە سازشیان لە ناوی كورد و كوردستانیش كردووە، ئەوەتا لە توركیایش بینیمان پەكەكە چ رۆڵێكی خراپی گێڕا لە شكستپێهێنانی پڕۆسەی ئاشتی و، چیی رووی دا".
kdp-
Top