پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ڕووداوەکانی شنگال؛ دەبێ هێزی بیانی دەڤەرەکە چۆڵ بکەن
(خۆشەوی خەلیل)، ئەندامی فڕاکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا دوو بەیاننامە لە لایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگری و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەکرابوون و تێیدا، بوردومانی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە شەرمەزار کرا و داواش لە تورکیا کرا، کە ڕووداوی ھاوشێوە دووبارە نەبێتەوە و خەڵکی سڤیل و ھێزەکانی پێشمەرگە نەکرێنە ئامانجی بوردومانەکانیان، ھەروەھا بڕیارە لەبارەی ڕووداوەکەی شنگالەوە، کە بەداخەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەھید و بریندار بوون، باڵوێزی تورکیا بانگھێشت بکرێت و دانوستان لەبارەی چونییەتیی ڕووداوەکە بکرێت.''
(خۆشەوی خەلیل) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پەرلەمانی عێراق داوای قەرەبووکردنەوەی شەھید و بریندار و زیانلێکەوتوانی ڕووداوی بوردومانەکەی تورکیای کرد و بڕیاریش درا، ئیدی ھەر ھێزێکی بیانی، کە زیان بە ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و دراوسێ بگەیەنێت، خاکی عێراق و ھەرێمی کوردستان چۆڵ بکات و ڕێگە نادرێت، ھێزە بیانییەکان لە ھەرێمی کوردستان و عێراقەوە ببنە ھەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دەورووبەر و ھەرھێزێک ببێتە ھۆی نانەوەی کێشە، دەربکرێت.''
kdp-
