محەمەد بازیانی: پێویستە خەڵکی پسپۆڕیش لە کۆمیتەی ئامادەکاریی ڕیفڕاندۆمدا بەشدار بێت

 	 محەمەد بازیانی: پێویستە خەڵکی پسپۆڕیش لە کۆمیتەی ئامادەکاریی ڕیفڕاندۆمدا بەشدار بێت
توێژەرێکی سیاسی پێی وایە، پێکھێنانی کۆمیتەیەک بۆ ئامادەکاریی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم ھەنگاوێکی پێویستە و دەشڵێت، دەبێ سەرکردایەتیی سیاسیی کورد ئەوە لەبەرچاو بگرێت، کە بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بە شێوەیەکی ئەکادیمی و یاسایی بەڕێوە بچێت، ھەندێ خەڵکی پسپۆریش بخرێنە نێو کۆمیتەکەوە.

(د. محەمەد بازیانی)، توێژەر و چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێکھێنانی کۆمیتەیەک بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بکات، ھەنگاوێکی زۆر گرینگە، کە لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەنرێت، تا بە شێوەیەکی باشتر، خۆمان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم ئامادە بکەین و مافی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و، بۆ پرسێکی وەھا گرینگ پێویستە کۆمیتەیەک دروست بکرێت و ئەوان کاروباری ڕیفڕاندۆم بەڕێوەبەرن و بزانن چی پێویستە بۆ پڕۆسەکە ئەنجامی بدەن.''

(د. محەمەد بازیانی) گۆتیشی: ''جگە لەوەی نوێنەری لایەنە سیاسیەکانی تێدا دەبێت، من پێم باشە خەڵکی پسپۆر و شارەزاش لە کۆمیتەی ئامادەکاریی ڕیفڕاندۆمدا ھەبێت، چونکە دەبێـت بە شێوەیەکی ئەکادیمی و یاسایی کار بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم بکرێت. ڕاستە نوێنەری لایەنەکان لەنێو کۆمیتەکەدا زەروورە، بەڵام ناشکرێت ڕووە یاسایی و ئەکادیمیەکەی لەبەرچاو نەگیرێت و پێویستە سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بیر لەوە بکاتەوە، ھەندێ لەو خەڵکە بخرێنە کۆمیتەی ئامادەکاریی ڕیفڕاندۆمەوە.''
kdp-
Top