نەتەوەیەکگرتووەکان: لە کوژرانی پێشمەرگە لە شنگال زۆر نیگەرانین

نەتەوەیەکگرتووەکان: لە کوژرانی پێشمەرگە لە شنگال زۆر نیگەرانین
گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی لە شەهیدبوونی پێشمەرگە بەهۆی هێرشی ئاسمانی تورکیا لە شنگال دەربڕی و گوتی: " لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی وڵاتانی ئەنداممان تێدەگەین ، بەڵام دەبێت ئەندامانمان بە گوێرەی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان بە تەواوی رێز لە بنەماکانی سەروەری و یەکپارچەیی خاک بگرن".



ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند"ئێمە ئاگادارین کە رۆژی 25ی نیسان هێزی ئاسمانی تورکیا هێرشی ئاسمانی دژی ژمارەیەک ئامانج لە ناوچەی شنگالی عێراق ئەنجامدا، بەگوێرەی راپۆرتەکانیش ئەو بۆردوومانە چەندین قوربانی لە ناو ئەو پێشمەرگانەدا لێکەوتەوە کە لەوێ بوون".



ستیفان دوژاریک، گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "ئێمە لە رووداوەکە نیگەرانین و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی قوربانییەکان دەکەین. ئێمە دان بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی وڵاتانی ئەندامماندا دەنێین، بەڵام ئەو بەرپرسیارێتییەشیان بیردەهێنینەوە کە دەبێت بە گوێرەی میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان بە تەواوی رێز لە بنەماکانی سەروەری و یەکپارچەیی خاک بگرن و دەستێوەردان ئەنجامنەدەن".



بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی هێرشەکە، شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە و برینداربوونی نۆی دیکەی لێکەوتووەتەوە، دواتریش بریندارێکی دیکە شەهیدبووە. هەر بەهۆی هەمان هێرش شەڕڤانێکی سەر بە پەکەکە شەهیدبووە و پێنجی دیکەش برینداربوون.



بۆردوومانەکەی چیای قەرەچووغیش لە رۆژئاوای کوردستان زیانی زۆری لێکەوتەوە. رێدوور خەلیل، گوتەبێژی یەپەگە رایگەیاند "لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا 20 شەڕڤانمان شەهید و 18ی دیكەش برینداربوون".



گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها گوتی: "ئێمە هانی حکومەتەکانی تورکیا و عێراقیش دەدەین بۆ ئەوەی راوێژ بکەن لە تەواوی ئەو پرسانەی جێی بەرژەوەندی و نیگەرانی هەردوولان".









rudaw
Top