خۆشیی تەقەی چەکبەدەستێک بە واتای ناخۆشیی کەسێکی تر.. پێویستە سزای توند بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت

 خۆشیی تەقەی چەکبەدەستێک بە واتای ناخۆشیی کەسێکی تر.. پێویستە سزای توند بۆ ئەو دیاردەیە دابنرێت
ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی و چالاکوانانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەڵێن، خۆشی دەربڕین بە چەک، دەبێتە ھۆی ناخۆشیی کەسێکی تر، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆنتڕۆڵی ئەو کەسانە بکەن و بە توندترین شێوە سزا بدرێن، چونکە بابەتی تەقەکردنی خۆشی لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە.

ڕەشکردنەوەی کولتووری تەقەی خۆشی لە ھزر و خەیاڵدانی تاکی کورددا
بەھێزترین کلاسیکۆی جیھان لەنێوان ھەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە (٢٣-٤-٢٠١٧) لە یاریگای (سانتیاگۆ بێرنابیۆ) لە خولی٣٣ـی لالیگا بەڕێوە چوو.
ئەم یارییە لە ھەموو جیھان ژمارەیەکی پێوانەیی لە رووی بینەرەوە تۆمار کرد، یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرانبەر دوو گۆڵ کۆتایی ھات، بە هۆی سەرکەوتنی بارسێلۆناوە، هاندەرانی ئەو یانەیە تەقەی خۆشییان کرد، لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لە دەست دا و چەندان ھاونیشتیمانی بریندار بوون.
پەیوەست بەم پرسە (مامەیارە ئەحمەد) کە ڕۆژنامەنووسی وەرزشییە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "تەقەی خۆشی نامۆ نییە بۆ فەرھەنگی کوردستان و، ساڵەھای ساڵە تەقەکردن چەوتەڕێیەکی دەربڕینی خۆشی بووە، گرتنەبەری ئەو شێوازە بۆ دەربڕینی خۆشی، جێبەجێکردنی دوو حەزە لە یەک پرۆسەدا، یەکەمیان بریتییە لە دەربڕینی رق بەرانبەر کەسانێک، بەوپێیەی خۆشیی ئەو، یەکسانە بە خەم و دڵتەنگیی کەسانێکی تر، دووەمیش جێبەجێکردنی کولتوورێکی نادروستی ڕێچکەگرتووە، کە بۆ بنبڕکردنی، سیستمێکی توند و یاسای پڕسزای دەوێ و، لەو رووەوە ناوەوە ڕێکار دەگیرێتە بەر و ئێستایش دەبینین جڵەو بۆ ئەو جۆرە کارانە شل کراوە."

(مامەیارە) لەو بارەوە زیاتری گوت: "ڕاستییەکەی کولتووری گەلانی رۆژھەڵات و وڵاتانی جیھانی سێیەم، لێکەوە نزیکن و بۆ ساغکردنەوەی ئەوەی کێ داھێنەری ئەم ڕێچکەی خۆشیدەربڕینەیە، لێوردبوونەوەی زۆر مێژوویی گەرەکە، ئەوەی زۆر گرینگە، ڕەشکردنەوەی ئەو کولتوورەیە لە ھزر و خەیاڵدانی تاکی کورددا، کە وەک ھێمام بۆی کرد، یاسای پڕسزا و سیستمی توندی دەوێ، تا ھزری ئەو کەسانە جڵەوگیر بکات."
kdp-
Top