دیندار زێباری: سەرەڕای ئاستەنگییەکان، ئاوارە بە زۆر نە نێردراونەتەوە زێدی خۆیان
لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی عێراق، ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ئەو ناوچانەی کەوتنە ژێردەستی داعش روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، سەرەڕای قەیرانە ئابوورییەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کرد و بەپێی توانا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی پێشکەش کردوون، بەڵام هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکەن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەو ئاوارانە دەکات بۆ شوێنەکانی خۆیان بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکووک.
لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە و بە هۆی ناسەقامگیریی ئەمنیی ناوچەکانیانەوە بەردەوام خەڵکی ناوچەکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، چونکە هەرێم سەقامگیریی بەخۆیەوە بینیوە، لە دوای روودواوەکانی سووریا و هێرشی تیرۆریستان داعشیشەوە ئاوارە و پەنابەران بە لێشاو روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ژمارەیان گەیشتە نزیکەی دوو ملیۆن و، حکوومەتی هەرێم بەپێی توانای خۆی هاوکاری کردن.
لەم بارەوە (د. دیندار زێباری) سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: "لە دوای ئازادکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش و لەبەر بوونی ئەو ناوچانەی لە نزیک هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و داعش و بە هۆی بۆمببارانکردن و مینڕێژکردنی ناوچەکانیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست لەو ناوچانە، گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان کارێکی ئەستەم بوو، چونکە داعش بەردەوام هەوڵی هێرشکردنی دەدا، ئەمەش ئاستەنگی زۆری بۆ هێزی پێشمەرگە درووست دەکرد لە کاتی پێشرەوییەکانیان و، ئەو کات چەند لایەنێکی نێودەوڵەتی رەخنە و گلەییی ئەوەیان لە حکوومەتی هەرێم دەکرد گوایە رێگرییان لێ دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، کەچی ئێستا باس لەوە دەکەن کە رێگایان پێنادرێ بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لە کاتێکدا خۆیان ئامادە نین بگەڕێنەوە."
سەبارەت بەو ئاوارانەی کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەتایبەتی لە شاری کەرکووک، (زێباری) گوتی: "تەنیا لە ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی (٧٠٠٠) خانەوادەی عەرەب هاتوونە کەرکووک و تا ئێستایش زیاتر لە نیو ملیۆنیان لەوێ ماونەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی سەڵاحەددینن و ناگەڕێنەوە، جگە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێیان و نیشتەجێکردنیان، ئەرکی لایەنە ئەمنییەکانیشی زەحمەت کردووە، چونکە ئاوارەکانی ئەو شوێنانەی کە سوننە و شیعە تێکەڵن، ئامادە نین بگەڕێنەوە، شوێنی وا هەن کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە ئازاد کراونەتەوە و داعشی لێ نییە، کەچی ئاوارەکانی ئەو ناوچانە ناگەڕێنەوە بۆ نموونە دیالە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە قورساییەکی زۆری بۆ خەڵکی کەرکووک درووست بووە و کاریگەریی هەبووە لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێیان وەک کارەبا، ئاو، قوتابخانە، رێگاوبان، دەرمان و نەخۆشخانە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکووک داوایان له ئاوارهكان دهكهن، پهیوهندیی به ئیدارهکانیانەوە بكهن بۆ گهڕانهوهیان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە کەسمان بە زۆر نەناردووەتەوە سەر زێدی خۆیان."
لە بارەی ئەو رێوشوێنانەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچە ئازادکراوەکان دەیگرنە بەر بەتایبەتی لە بازگەکانی نزیک هێڵی تەماس، (د. دیندار زێباری) گوتی: "بۆ راگرتنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکان، هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی داعشەوە و بۆ رێگاگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان، دەزگا ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی تایبەت بەرانبەر بە گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە دەگرنە بەر، بە کورد وعەرەب و گشت پێکهاتەکانی ترەوە بەتایبەتی لە بازگەکان و خاڵەکانی پشکنین، سەبارەت بە دەستگیرکردنی گومانلێکراوانیش ئەو کەسانەی کە گومانی پەیوەندیکردنیان بە داعشەوە لێ بکرێت، دەزگا ئەمنییەکان بەپێی رێوشوێنی یاسایی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن. سەبارەت بە پرۆسەی دەستگیرکردنیش هیچ کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەر و دوای رەزامەندیی لیژنەی ئەمنی کە لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهاتووە دەستگیر ناکرێت و ،هەر کەسێک لەلایەنی هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر بکرێت بۆ ماوەی (٢٤) سەعات دەمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە دواتر بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت."
(زێباری) ئەوەشی روون کردەوە، کە لە پارێزگای کەرکووک لیژنەیەکی ئەمنی هەیە و پێکهاتووە لە (پارێزگار کە سەرۆکی لیژنەی ئەمنییە، جێگری پارێزگار (عەرەبی سوننەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیس (کوردە)، هەردوو ئاسایشی پارتی و یەکێتی، بەڕێوەبەری هەواڵگری (تورکمانی شیعەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار (تورکمانە)، بەڕێوەبەری موخابەرات (عەرەبی سوننەیە)، نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک). ئەرکی ئەم لیژنەیە پاراستنی ئەمنییەتی پارێزگاری کەرکووک هەموو بڕیارەکان بە هاوبەشی لە نێوان ئەندامانی ئەم لیژنەیە دەردەچێت، لەوانەش ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە دەستگیرکردنی گومانلێکراوانەوە هەیە."
kdp-
