وەیس نایف: لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا بۆمبێکی زۆر چێندراون و بە خەڵکی مەدەنیدا دەتەقنەوە

 	 وەیس نایف: لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدا بۆمبێکی زۆر چێندراون و بە خەڵکی مەدەنیدا دەتەقنەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال دەڵێت، لەو ناوچانەی شنگال، کە لە ژێر دەسەڵاتی پەکەکەدان، بۆمبێکی زۆر چێنراوە و بە خەڵکی مەدەنیدا دەتەقنەوە و بەوهۆیەوە خەڵک بوونەتە قوربانی.

(وەیس نایف)، سەرۆکی ئەنجومەنی قەزای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە گوندی سکینی شنگال، ڕۆژی ٢٣ی مانگ بۆمبێک تەقیوەتەوە و چەند کەسێکی شەهید کردووە. ئەو ناوچەیە لە ژێر دەستی پەکەکەدایە و لەو ڕووداوە بەرپرسیارە، هاوکات لە هەندێک ناوچەی دیکەشدا بۆمب تەقیوەتەوە، کە لە سنووری دەسەڵاتی ئەواندا بوونە، بۆیە لەو بارەوە لێکۆڵینەوەش دەکەین.''

هەر سەبارەت بەم ڕووداوە (د. ماجید شنگالی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''لە زۆر ناوچەی شنگال و کۆمەڵگاکانی دەوروبەری شنگال گومان دەکرێت بۆمبی چێنراویان تێدا بێت، کە پەکەکە دایناون و دواجار خەڵکی سڤیل دەبنە قوربانی. حەفتەی ڕابردوو بە هۆی یەکێک لەو بۆمبانەوە ٣ کەس شەهید بوون و چوار کەس بریندار بوون. جارێکی دیکە ماڵێک بۆمبرێژ کرابوو، تەقییەوە و دوو کەسی شەهید کرد. لەو ناوچانەدا تەنیا پەکەکە هەیە و پێشمەرگە و سوپای عێراقیان لێ نییە، پەکەکە خۆی لەو ناوچانەدا حوکم دەکات، بۆیە دەبێت بەرپرسیارەتیی گیانی ئەو خەڵکە بگرێتە ئەستۆ و ڕوونکردنەوە بداتە ئیدارەی شنگال.''
(د. ماجید شنگالی) ڕوونی کردەوە: ''تادێت مەترسیی پەکەکە، بەتایبەت لە ڕووی ئەمنییەوە، لەسەر شنگال زیاتر دەبێت. بۆمبی چێنراوی لەو شوێنانە داناوە، کە خەڵک بۆ سەیران و گژوگیای بەهاری دەچن، کەچی لەوێ دەبنە قوربانیی ئەو بۆمبانە.''

(د. ماجید شنگالی) دەشڵێت: ''بە گوێرەی زانیاریی ئێمە ژمارەیەکی زۆر بۆمب لە دەورووبەری شنگال و چیای شنگال چێنراوە.''

kdp-
Top