مامۆستایانی زانکۆ: کوردستان بە سازدانی ڕیفراندۆم لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە سوودمەند دەبێت

 مامۆستایانی زانکۆ: کوردستان بە سازدانی ڕیفراندۆم لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە سوودمەند دەبێت
مامۆستایانی زانکۆ لە پارێزگای دهۆک بە پێویستی دەزانن، بەزوویی ڕیفراندۆم ساز بدرێت و دەڵێن، کوردستان بە سازدانی ڕیفراندۆم لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا سوودمەند دەبێت.

(د. سەباح مەلحەم) مامۆستای زانكۆ لە دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''پێویستە لایەنەكان لەسەر ڕیفراندۆم ڕێك بكەون و بە یەكەوە كار بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی خوێنی پێشمەرگە قارەمانەكان و خەباتی گەلی كورد، كە بە درێژایی 100 ساڵی ڕابردوو لەپێناو ئازادیی كوردستاندا خەباتی کردووە و بەردەوامیشە لە خەبات، بە فیڕۆ نەچێت.''

گوتیشی: ''داواكارم هەرچی زووە لایەنەكان كێشە ناوخۆییەكان چارە بكەن، بۆ ئەوەی هەموویان پێكەوە خەریكی ڕیفراندۆم و بابەتە چارەنووسسازەكان بن، چونكە چ زوو، چ درەنگ دەبێ هێزە سیاسییەكان پێكەوە دابنیشن و كێشەكان چارە بكەن.''

(د. جەعفەر ئەترۆشی)، مامۆستای زانكۆ لە دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''بۆ گەیشتنی گەلی كورد بە كەنارێكی ئارام پێویستە لایەنە سیاسییەكان دەستبەرداری بەشێك لە داواكاری و هەڵوێستەکانی خۆیان ببن و لەسەر بەشێك لە داواكارییەكانیان سازش بكەن، چونكە ئەوە لە قازانجی گەلی كوردستاندایە.''

(د. جەعفەر ئەترۆشی) ڕوونیشی كردەوە: ''گۆڕانكارییەكان خێران، ئەگەر گەلی كورد خۆ بۆ ئەو گۆڕانكاریانە ئامادە نەكات، ڕووبەڕووی زۆر كێشە دەبێتەوە، بۆیە زۆر پێویستە هەموو هێز و لایەنەكان لە دەوری (سەرۆك بارزانی) كۆ ببنەوە و پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێم بكەن، بۆ ئەوەی گەلی کورد و کوردستان لەو گۆڕانكارییانەدا سوودمەندی یەكەم بێت.''

(د. ئازاد وەحید)، مامۆستای زانكۆ لە زاخۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دركاند: ''ئەگەر 100 ساڵی دیكەش لەگەڵ بەغدا بین، دواجار هەر دەبێ لێك جیا ببینەوە، بۆیە بوونمان بە دوو دراوسێی باش، باشترە لەوەی هەموو ڕۆژێك لە دژی یەكدی قسە بكەین و بەرنگاری یەكدی ببینەوە.''

(د. ئازاد وەحید) گوتیشی: ''بۆ گەیشتنی گەلی كورد بە كەنارێكی ئارام و گەیشتن بە مافە ڕەواكانی خۆی، پێویستە هەموو هێز و لایەنەكان پشتگیری لە هەنگاو و بڕیارەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە ئەمڕۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هێزەوە پشتگیری لە كوردستان دەكات، هۆكارەكەش بۆ ئەوەیە كە كوردستان خاوەن سەرۆكێكی بەهێز و كاریزمایە، هاوکات هێزێكی هەیە، كە تاكە هێزی سەر زەوییە، ڕووبەڕووی دوژمنی هەموو جیهان دەبێتەوە.''
kdp-
Top