كونسووڵی گشتیی توركیا سەردانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی کرد

 كونسووڵی گشتیی توركیا سەردانی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی کرد
سەبارەت بە ڕووداوی هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر ناوچەی شنگال و شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە، کونسووڵی گشتیی تورکیا ئەمڕۆ سەردانی وەزیری ناوخۆی هەەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەتی کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 26/4/2017 كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ پێشوازیی لە (مەهمەت عاكیف ئینام) كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان و شاندی فەرمیی هاوبەشی توركیا كرد.

كونسووڵی گشتیی توركیا لە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە رووداوی دوێنێی لێدانی فڕۆكەكانی توركیا لە شنگال كە بووە هۆی شەهید بوون و برینداربوونی ژمارەیەك پێشمەرگە بەناوی حكوومەتی توركیاوە دڵگرانیی خۆیانی نیشان دا كە بە هەڵە ڕووی داوە و سەرەخۆشیی خۆشیانی گەیاندە كەسوكاری شەهیدەكان و ئامادەیی حكوومەتی توركیاشی نیشان دا بۆ چارەسەركردنی بریندارەكان لە توركیا و تەئكیدیشی كردەوە كە ئەم هەڵەیە دووبارە نابێتەوە.

لە بەرامبەریشدا وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت سوپاسی ئەم هەڵوێستەی كردن و رای گەیاند كە پێشمەرگە وەك هێزێكی نیزامیی دژ بە تیرۆریستانی داعش سەدان شەهیدی داوە و بەردەوام لەگەڵ هاوپەیمانان لە ریزی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا بووە، جەختیشی كردەوە كە هیوادارن ئەمجۆرە رووداوە نەخوازراوانە دووبارە نەبنەوە.





باسنيوز
Top