لەبارەی ڕیفراندۆم بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر چەند ئاراستەیەکدا دابەش دەبێت

 لەبارەی ڕیفراندۆم بزووتنەوەی گۆڕان بەسەر چەند ئاراستەیەکدا دابەش دەبێت
بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەسەر چەند ئاراستەیەکدا دابەش دەبێت و ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەکەش ئاماژە بەوە دەکات، هەمووان لەگەڵ قسەکانی قادر حاجی عەلیدا نین.

درەو مەھدی، ھەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی: "نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری بزووتنەوەکەی داوە بە جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان و لەوێوە بڕیار دەدرێت لەسەر گۆڕانکارییەکان و بۆچوونی بزووتنەوەی گۆڕان لەوێوە دەردەچێت، دواجار گوتەبێژی گۆڕانیش پەیامەکە دەگەیەنێت، بۆیە لە دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ میدیاکان، قادر حاجی عەلی، کۆمەڵێک قسەی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کردووە، من وەک خۆم لەگەڵیدا نیم“.

ئەو هەڵسووڕاوە ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ”لەناو گۆڕاندا مەرج نییە ھەموو ئاراستەکان قسەکانی قادر حاجی عەلی بێت، چونکە ئاراستەیەک ھەیە لەگەڵ ئەو قسانە نییە و بزووتنەوەی گۆڕانیش بریاری خۆی ھەیە، ھێشتا لەوە دەچێت بڕیارەکەی ئەوە نەبێت کە لەلایەن ھەڵسووڕاوانەوە قسەی لەسەر دەکرێت".

ئەوەشی خستەروو، قسەکانی قادر حاجی عەلی جۆرێکە کە ھەندێک ھەڵسوڕاوی دیکەی بزووتنەوەی گۆڕان قسەیان کردووە، پێچەوانەی ئەو بۆچوونە بوون، بۆیە ”باوەڕ ناکەین حزبەکانی کوردستانیش بەفەرمی مامەڵە لەگەڵ قسەکانی بکەن، چونکە دواجار کلیلی بڕیار لای نەوشیروان مستەفایە“.

ئەوەشی خستەروو، بزووتنەوەی گۆڕان ئەمە دوا تەحەدایە لەبەر دەمیدا ئەگەر ھاتوو لەم تەحەدییە سەرکەوتن بەدەست نەھێنێت، دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە لەناو گۆڕان دەگۆرێت“.






باسنیوز
Top