هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند، مەسرور بارزانی لە لێدوانەکەیدا، جەختی لە ڕای پارتی دیموکراتیی کوردستان کردووەتەوە و بە پێویستیشی زانی، دەستەیەکی نوێی

هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند، مەسرور بارزانی لە لێدوانەکەیدا، جەختی لە ڕای پارتی دیموکراتیی کوردستان کردووەتەوە و بە پێویستیشی زانی، دەستەیەکی نوێی
لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی عێراق، ژمارەیەکی زۆری ئاوارەی ئەو ناوچانەی کەوتنە ژێردەستی داعش روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، و سەرەڕای قەیرانی ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کرد و بەپێی توانا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی پێشکەش کردوون، بەڵام هەندێک لایەنی نێودەوڵەتی باس لەوە دەکەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئەو ئاوارانە دەکات بۆ شوێنەکانی خۆیان بەتایبەتی لە پارێزگای کەرکوک.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: لە دوای پرۆسەی ئازاد کردنی عێراق بە هەموو ناسەقامگیری ئەمنی ناوچەکانیان بەردەوام خەڵکی ناوچەکانی خوارو و ناوەڕاستی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، چونکە سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە، لە دوای روودواوەکانی سوریا و هێرشی تیرۆریستان داعش ئاوارە و پەنابەران بە لێشاو روویان لە هەرێمی کوردستان کردو و ژمارەیان گەیشتە نزیکەی دوو ملیۆن و حکومەتی هەرێم بەپێی توانای خۆی هاوکاری کردن.

زێباری لەم بارەوە زیاتر وتی: لە دوای ئازادکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی داعش و لەبەر بوونی ئەو ناوچانەی لە نزیک هێڵی تەماسی نێوان پێشمەرگە و داعش و بە هۆی بۆمب بارانکردن و مینڕێژکردنی ناوچەکانیان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست لەو ناوچانە، گەڕانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانە بۆ سەر زێدی خۆیان کارێکی ئەستەم بوو، چونکە داعش بەردەوام هەوڵی هێرشکردنی دەدا ئەمەش ئاستەنگی زۆری بۆ هێزی پێشمەرگە درووست دەکرد لە کاتی پێشرەوییەکانیان و ئەو کات چەند لایەنێکی نێودەوڵەتی رەخنە و گلەیی ئەوەیان لە حکومەتی هەرێم دەکرد گوایە رێگرییان لێدەکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، کەچی ئێستا باس لەوە دەکەن کە رێگایان پێنادرێ بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، لە کاتێکدا خۆیان ئامادە نین بگەڕێنەوە.

سەبارەت بەو ئاوارانەی کە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و بەتایبەتی لە شاری کەرکوک، زێباری وتی: تەنیا لە ساڵی ٢٠1٦ نزیکەی (٧٠٠٠) خانەوادەی عەرەب هاتوونە کەرکوک و تا ئێستاش زیاتر لە نیو ملیۆنیان لەوێ ماونەتەوە کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی سەڵاحەددینن و ناگەڕێنەوە، و جگە لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێیان و نیشتەجێ کردنیان ئەرکی لایەنە ئەمنییەکانیشی زەحمەت کردووە چونکە ئاوارەکانی ئەو شوێنانەی کە سوننە و شیعە تێکەڵن ئامادە نین بگەڕێنەوە، شوێنی وا هەیە کە زیاتر لە ساڵ و نیوێکە ئازادکراونەتەوە و داعشی لێ نییە کەچی ئاوارەکانی ئەو ناوچانە ناگەڕێنەوە بۆ نموونە دیالا، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە قورساییەکی زۆری بۆ خەڵکی کەرکوک درووستکردووە و کاریگەریی هەبووە لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان پێیان وەک کارەبا، ئاو، قوتابخانە، رێگاوبان، دەرمان و نەخۆشخانە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کەرکوک داوایان له‌ ئاواره‌كان ده‌كه‌ن، په‌یوه‌ندیی‌ به‌ ئیداره‌کانیانەوە بكه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئێمە کەسمان بە زۆر نەناردۆتەوە سەر زێدی خۆیان.

لە بارەی ئەو رێوشوێنانەی کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوچە ئازادکراوەکان دەیگرنە بەر بەتایبەتی لە بازگەکانی نزیک هێڵی تەماس د. دیندار زێباری وتی: بۆ راگرتنی ئارامی و سەقامگیری ناوچە ئازادکراوەکان هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی داعشەوە و بۆ رێگا گرتن لە دزە کردنی تیرۆریستان دەزگا ئەمنییەکان چەند رێوشوێنێکی تایبەت بەرامبەر بە گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە دەگرنە بەر بە کورد وعەرەب و گشت پێکهاتەکانی ترەوە بەتایبەتی لە بازگەکان و خاڵەکانی پشکنین، سەبارەت بە دەستگیر کردنی گومان لێکراوانیش ئەو کەسانەی کە گومانی پەیوەندی کردنیان بە داعشەو لێ بکرێت دەزگا ئەمنییەکان بەپێی رێوشوێنی یاسایی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن. سەبارەت بە پرۆسەی دەستگیر کردنیش هیچ کەسێک بەبێ فەرمانی دادوەر و دوای رەزامەندی لیژنەی ئەمنی کە لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکهاتووە دەستگیر ناکرێت و هەر کەسێک لەلایەنی هێزەکانی ئاسایشەوە دەستگیر بکرێت بۆ ماوەی (٢٤) کاتژمێر دەمێنێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە دواتر بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

زێباری ئەوەشی روونکردەوە کە لە پارێزگای کەرکوک لیژنەیەکی ئەمنی هەیە پێکهاتووە لە (پارێزگار کە سەرۆکی لیژنەی ئەمنییە، جێگری پارێزگار (عەرەبی سوننەیە)،بەڕێوەبەری پۆلیس (کوردە)، هەردوو ئاسایشی پارتی و یەکێتی، بەڕێوەبەری هەواڵگری (تورکمانی شیعەیە)، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار (تورکمانە)، بەڕێوەبەری موخابەرات (عەرەبی سوننەیە)، نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک). ئەرکی ئەم لیژنەیە پاراستنی ئەمنییەتی پارێزگاری کەرکوک هەموو بڕیارەکان بە هاوبەشی لە نێوان ئەندامانی ئەم لیژنەیە دەردەچێت لەوانەش ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بە دەستگیر کردنی گومانلێکراوانەوە هەیە.











ئا/ خەلیل بلەیی
Top