هێمن هەورامی: مەسرور بارزانی جەختی لە ڕای پارتی کردووەتەوە

 هێمن هەورامی: مەسرور بارزانی جەختی لە ڕای پارتی کردووەتەوە
هێمن هەورامی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای گەیاند، مەسرور بارزانی لە لێدوانەکەیدا، جەختی لە ڕای پارتی دیموکراتیی کوردستان کردووەتەوە و بە پێویستیشی زانی، دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەبێت.

لە پەراوێزی لێدوانەکەی مەسرور بارزانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ، هێمن هەورامی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: “ئەنیشتاین لە وتەیەکیدا دەڵێت ، کێشەیەک بەرهەمی سیستەمێکی عەقڵی بێت، بە هەمان سیستەمی عە‌قڵی ناتوانرێت کێشەکە چارەسەر بکرێت”.

ئەوەشی ڕوون کردووەتەوە کە دوایین خولی پەرلەمانی کوردستان لە ئەنجامی ڕێککەوتنی 17/4/2014ی نێوان پارتی و گۆڕان دروست بووە و ڕێککەوتنەکەش لەسەر بنەمای تەوافوق و هاوبەشی و دابەشکردنی پۆستەکان بووە و سەرۆکایەتیی پەرلەمان و چەند وەزیرێک و پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە گۆڕان دراوە و “بۆ ئەمە پارتی مکوڕتر بوو لەوەی گۆڕان هاوبەشی بێت”.

ئاماژەشی بەوە داوە کە بە کۆبوونەوەکەی 23ی حوزەیران و سووربوون لەسەر کۆبوونەوەی 19/8/201 و ئەو دۆخەی کە لێی کەوتەوە، “بەرهەمی نەهێشتنی بنەماکانی ڕیککەوتنی 17/4/2017ی نێوان پارتی و گۆڕان بوو”.

بە بڕوای هێمن هەورامی، پەرلەمان کاتێک کارایە کە بتوانێت یاسا دەربکات، یاسا هەموار بکات، متمانە بە کابینە بدات و دەنگ لەسەر بودجە بدات. بۆیە دەپرسێت: “ئایا بە هەر بەرێزێکی گۆڕان، پەرلەمان دەتوانێت دەست بەو چوار ئەرکەی خۆی بکات و یاساکان بۆ سەرۆکی هەریمی کوردستان بنێرێت تا ئیمزای بکات و کاریان پێ بکرێت؟”.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ڕیفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی بۆ هەموو لایەکە و “دەبێت کەمترین جیاوازیمان لە بارەیانەوە هەبێت و لە پیناوی ئەو ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەدا، دەستەیەکی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەبێت بە پێی ئەو پێشیارانەی کە هەن، ئەوەش لە خزمەتی پرۆسەی سەربەخۆییدا بێت”. بۆیە دەڵێت: “کاک مەسرور بارزانی لە لێدوانەکەیدا جەختی لە ڕای پارتی کردۆتەوە، بەوەی کە ئەگەر مەبەست کاراکردنەوەی پەرلەمانێک بێت کە لە خزمەتی گەل و نیشتمان و پرۆسە گرنگ و ستراتیجییەکانی ھەرێمی کوردستاندا بێ، ئەوا چەندین پێشنیار ھەن کە پێویستییان بە تاوتوێکردن ھەیە و پێمان وایە بە ھەموو لایەکمان دەتوانین بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت، بێگومان ئەوەش جیاوازە لە چارەسەرکردنی کێشە حزبییەکان کە لەسەر حسابی پەرلەمان و پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکان، لایەنێکی دیاریکراو ڕازی بکرێت“.








باسنيوز
Top