كوتلەی عەرەب و توركمان: لەبەر ئەم هۆیە چووینە كۆبوونەوەی ئەنجوومەن
هەردوو كوتلەی عەرەب و كوتلەی توركمانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هۆكاری بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنەكە ئاشكرا دەكەن، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر بەهۆی بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان، بەشداریكردنیان بایكۆت كردبوو.
لای خۆیەوە محەمەد خزر ئەندامی كوتلەی عەرەبی رایگەیاند ئەوان بۆ ئەوەی كۆسپ نەكەوێتە بەردەم گفتوگۆ لەسەر پرۆژەكانی شارەكە، بەشداری كۆبوونەوەكەیان كردووە.
هەروەها گوتی ئەگەر ئەنجومەن هەر بابەتێكی سیاسی بەدەر لە بابەتەكانی پەیوەست بە خزمەتگوزاری هاووڵاتیان بخاتە گفتوگۆوە، ئەوان دووبارە كۆبوونەوەكان بەجێ دێڵنەوە.
هەر لەمبارەیەوە كوتلەی توركمانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا باسی لەوە كردووە كە لەبەر خواست و ئارەزووی هاووڵاتییانی توركمان چوونەتەوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنەكە.
ئەوەشیان باس كردووە كە سوورن لەسەر هەڵوێستی پێشوویان بە رەتكردنەوەی بڕیاری ئەنجومەنەكە بۆ بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە كەركوك، بەڵام ئەوان بۆیە چوونەتەوە كۆبوونەوە، تا بەرگری لە مافی هاووڵاتییان بكەن و خزمەتگوزارییەكانی خەڵك دابین بكەن.
ئەمڕۆ كوتلەی عەرەب و توركمانی كەركوك بەئامادەبوونی ئاڵای كوردستان لە هۆڵی كۆبوونەوەكە، بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیان كرد.
bas news-
